ئەسعەد عەلی نەبی ئەحمەد ناسراو بە (فەتحی تۆپچی)
لە #1-7-1940# لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و کوردپەروەر لە شارۆچکەی #مەخمور# دایک بووە. لە بەر سەختی ژیان و ناهەمواری ڕەوشی ئەو کاتی ئێراق نەیتوانی قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتویی تەواو بکات بۆیە دەچێتە ڕێکخستنە نهێنییەکانی ئەو کات لە ناوچەکە بوونیان هەبووە.
لە بەر زیندوویی و چالاکی و کاریگەریی ئەو لەسەر هاوڕێ و کەسەکانی و جموجووڵە بەردەوامەکانی دەبێتە جێگای سەرنج، تا لە ساڵی 1963 لەلایەن #بەعس#یەکانەوە دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی (2) ساڵ و چەند مانگێک لەژێر ئازار و ئەشکەنجە لە گرتوخانەکانی موسڵ و بەغدا و کەرکووک زیندانی دەکرێت، لەسەر ئەوەی پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی حزبی شیوعی ئەو کاتەوە هەبووە.
دوای ئازاد کردنی لە ساڵی (1965) ڕاستەوخۆ خۆی دەگەیەنێتە ئەو ناوچانەی لانکەی شۆڕش و بەرخودان بوونە و پەیوەندی بە شۆڕشی کوردەوە دەکات و لە دەڤەری #ڕواندز# دەگیرسێتەوە.
ماوەی (51) ساڵ لە زێدی باب و باپیرانی و کەسوکار و دڵسۆزانی دوور کەوتەوە بەس بۆ ئەوەی کوردایەتی بکات، کەم کەس دەیزانی ئەو لە پێدەشتەکانی قەراج و کەندێناوە لە دایک بووە.و بۆ خەبات و کوردایەتی هاتۆتە کوێستانەکانی باڵەکایەتی بناری هەندرێن و کارۆخ و کورەک.
لە ماوەی مانەوەی بەشداری دەیان داستان و قارەمانێتی دەکات و ناوی بەزوویی لە دەڤەرەکە بڵاو دەبێتەوە، دیارترین ئەو داستان و نەبەردییانەی بەشداری تێدا کردووە:
(داستانی هەندرێن -داستانی چیای کورەک -داستانی ڕەشمالۆک و چیای زۆزک) لەگەڵ چەندین قارەمانێتی و نەبەردی لە ڕواندز و دۆڵی ئاکۆیان و دەڤەری باڵەکایەتی، خەڵکی ئەو دەڤەرهش شایەتی خەبات و مەردایەتی بۆ دەدەن.
لە بەرانبەر ئازایەتی و لە خۆبوردویی ناوبراو لە دوای سەرکەوتنی داستانی هەندرێن لەلایەن کۆچکردوو (ئیدریس مستەفا بارزانی) تفەنگێکی بە دیاری پێ دەبەخشرێ.
لە ساڵی 1971 لە دەڤەری باڵەکایەتی گوندی (ڕەزانی مەلا برایم -کانی زیل) کە بارەگایەکی سەربازی شۆڕشی لێبووە.وەک کەسێکی سەربازی باوەڕپێکراو و لێهاتوو ڕاهێنانی بەو کەسانە کردووە کە هاتونەتە ڕیزەکانی شۆڕش.
بەشداری کاریگەریی هەبووە.لە شۆڕشی ئەیلول و کەسێکی خاوەن ئیرادە و متمانە پێکراوی فەرماندە باڵاکانی شۆڕش بووە. بۆیەشە هەمیشە فەرماندە باڵاکان دڵنیا بوونە لەوەی ئەو لە کوێ بێ نە بە جێی دەهێلێت نە چەک و کەلوپەلەکان بۆ دوژمن جێدەهێڵێت.
لە نسکۆی 1974 وەک تەواوی خەڵک ڕوو دەکاتەوە ئێران و ژیانێکی سەخت و پڕ کولەمەرگی بەرێ دەکات تا لە ساڵی (1979) دەگەڕێتەوە وڵات.
لە ماوەی ژیانی (4) جار ماڵی دەسوتێ و ئاوارە دەبێت. ئەمە جگە لە چەندین نەهامەتی و دەردەسەری، وەک خەڵکی دۆڵی ئاکۆیان و دەڤەری باڵەکایەتیش دەگێرنەوە: فەتحی تۆپچی، کەسێکی سادە و لەسەرخۆ و دڵسۆز بووە.بۆ خاک و نیشتمان، بۆیە بەزوویی چووەتە دڵی خەڵک و خۆشەویست بووە.لەلایەن ئەو گوندنشینانەی سەردانی کردون یا ماوەتەوە.
لە دوای گەڕانەوەی لە وڵاتی ئێران لە بەڕێوەبەرایەتی ئیشغال دەستبەکار دەبێت. و لەو ماوەیەشدا لە کاتی هاتوچۆی بۆ سنوورەکان ژیانی خۆی خسووەتە مەترسی و یارمەتی و کۆمەکی سەربازی و ئازوقەی زۆری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بردووە و هاوکاری پێشمەرگەکانی کردووە لە چون و هاتن بۆ شوێنەکان کە پێویستی کردووە.
ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ لەو کارەی بەردەوام دەبێت. و دواتر خانەنشین دەکرێت.
کەسێکی خوێندەوار و هۆگری خوێندنەوە بوو، بەردەوام لە کاتی بێ کاریدا خۆی بە خوێندنەوەی گۆڤار و ڕۆژنامەکان خەریک دەکرد.
لە دوای خۆیشی 18 ڕۆڵەی بۆ گەل و نیشتمان بە جێهێشت (9) کور و (9) کچ، کە ئێستا لە بوارە جیاجیاکان خزمەت دەکەن
لە #13-10-2016# دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی لە شاری #هەولێر# کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسییەتی خۆی لە شاری ڕواندز بە خاکسپێردرا.