جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
هێز و لایەنە سیاسی یەکان
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
سەبارەت بە کۆبونەوەی 30-06-2013 ی پەرلەمان کە تیایدا هەردوو حزبی دەسەڵات (یەکێتی و پارتی) ویستیان ئیرادەی سیاسی خۆیان بەسەرپەرلەمان و خەڵکی کوردستاندا بسەپێنین، حەز دەکەین چەند ڕاستی یەک بخەینە ڕوو:
یەکەم: ئەو دوو پڕۆژە یاسایەی فراکسیۆنی کوردستانی لە ڕێی سەرۆکایەتی یەوە خستیانە بەرنامەی کارەوە هیچ مەرجێکی یاسایی یان تێدا نەبوو، چونکە پێچەوانەی چەندین یاسای هەرێم بوون، لەوانە: پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان. چونکە ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم وپەرلەمان لە 20-08-2013 تەواو دەبێت و لە دەسەڵاتی کەسدا نیە درێژی بکاتەوە، پەرلەمانیش تەنها بۆی هەیە بۆ مانگێک لە پشوی خۆی بخاتە سەر دەوامی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو کارانەی تەواو نەبوون. جگە لەوەش بە پێی یاسا دەبوایە 48 سەعات پێش کۆبونەوە پەرلەمانتاران کارنامەیان بوایە، بەڵام لەگەڵ دەسپێکردنی کۆبونەوەدا خرایە بەردەست، جگە لە هەموو ئەو لایەنە نا یاسایی یانە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا هیچ دەنگێک نەژمێرراوەو، زۆربەی بڕگەکان دەنگی زۆرینەی پێ نەدراوە.
دووەم: ئەوەی لەو کۆبونەوەیەدا تێپەڕی سەپاندنی بڕیارێکی سیاسی بوو بەسەر فراکسیۆنی کوردستانیدا، کە هەردوو مەکتەبی سیاسی لەسەری ڕێکەوتوونو، لە 30/6 فەرز کرا بەسەر پەرلەماندا بێ ئەوەی ڕا و پێشنیاری لایەن و فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەهەند بگیرێ، تەنانەت لە هۆڵی پەرلەمانیشدا ئێمە پێشنیارمان کرد کە ماوەی پەرلەمان تەنها بۆ 10 تا 15 ڕۆژ درێژ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی لەو چەند ڕۆژەدا بگەینە سازانێکی نیشتمانیو، ڕێککەوین لەسەر ئەو بابەتانەی کە بەرژەوەندی گشتییان تێدایە، بەڵام بەداخەوە فراکسیۆنی کوردستانی هاوکاری یان نەکردینو، نەیانتوانی لە پاراستنی سەروەریی یاسا و شکۆی پەرلەماندا هاودەنگ بن لەگەڵمانو، قەیرانەکەیان قوڵتر کردەوە.
سێیەم: ئێمە ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە ئەم پەرتەوازە کردنەی هەڵبژاردنەکان، پلانێکی تری دەسەڵاتی هەرێمە بۆ درێژەدان بە دۆخی قۆرخکردنی دەسەڵات و سامانی ئەم هەرێمە، لە هەمان کاتدا سڕینەوەی ڕۆڵی پەرلەمانو، زەقترین پێشێلکردنی یاساکانی هەرێمی کوردستانە. چونکە خودی سەرۆکی هەرێم ڕۆژی 21-09-2013 ی دیاری کردووە بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێم کەسیش تا لەم بڕیارە نەداوە، وسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیش بریاری دا لەهەمان کاتدا هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەپێچەوانەی مادەی 4ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێمیان هەڵوەشاندنەوە وهەڵبژاردنی پارێزگارکانیش سەرنگون کراوە، لێرەشەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان و فراکسیۆنی کوردستانی کەوتنە هەڵەیەکی تری زەقی سیاسی و یاسایی یەوە.
چوارەم: بۆیە ئێمە (فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن) بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە گەورەیەی ڕووی کردۆتە هەرێم،و سەرۆکی هەرێم بەرپرسیارێتی ئەم تەنگژەیە لە ئەستۆ دەگریت و تەنها ڕێگەچارەش ئەوەیە گەڕانەوە وتانە دانە لە هەردوو پڕۆژە یاساکە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە، و ئیمزای یاساکان نەکات و بیانگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان.
پێنجەم: داوا دەکەین کە بە زووترین کات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک بهێنرێت بۆ ڕاستی دەنگدانی ناو هۆڵی پەرلەمانو، دڵنیا بوونەوە لە ناشەرعی بوونی پرۆسەی دەنگدانەکان، کە سەرلەبەری نایاسایین و هیچ بنەمایەکی قانونییان نیە. ئەگەرنا ئێمە ناچارین سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین و لەهەمانکاتدا وەک ئەرکیکی پیشەیی و یاسایی خۆمان لەم پێشێلکاریە یاسایانە بێدەنگ نابین.
فراکسیۆنی گۆڕان
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی
فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی
فراکسیۆنی ئایندە
- 01-07-2013