خەندان ڕاماڵ قەسرەیی
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردودا لە سنووری پارێزگای هەولێر شەش ڕووداوی مین و تەقەمەنی ڕوویانداوه و به و هۆیەوە چەند هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستداوه و بریندارو کەمئەندام بوون، هەر له و ماوەیەشدا زیاتر لە 6 هەزار مین و تەقەمەنیی نەتەقاوە لە ناوبراون.
زێبار خالید بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین-ی هەولێر بە (خەندان)ی ڕاگەیاند: لە مانگی کانوونی دووەم تا مانگی حوزەیران، حەوت ڕووداوی مین و تەقەمەنی لەسنووری پارێزگای هەولێر ڕویان داوەوە به و هۆیەشەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە کە یەکێکیان ئافرەت بووە و پێنجی تریش بریندار بوون و قاچیان پەڕیوە، وتیشی: بەبەراورد بە شەش مانگی ساڵی ڕابردوو ڕوداوەکانی مین و تەقەمەنی بەرێژەیەکی بەرچاو کەمی کردوە.
زێبار خالید وتیشی: تەوای ڕووداوەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لەسنووری قەزاکانی چۆمان و سۆران و ڕواندز و مێرگەسور تۆمارکراون، ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە ڕووبەرێکی بەرفراوان لە سنووری ئەو چوار قەزایە بە تایبەت لە هەردوو قەزای سۆران و چۆمان، بە مین چێنراون، هۆکارەکەشی ئەو پاشماوە سەربازیانەیە کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعسی لە ناوچوو.
بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی هەولێر هۆکاری ڕووداوەکانی گەراندەوە بۆ ناشارەزایی هەندێک له و هاوڵاتیانەی بەمەبەستی جیاجیا ڕوو له و ناوچانە دەکەن، کە مین و تەقەمەنیان تێدایە، بەشێکی تریشیان پەیوەندیی بە پابەندنەبوونی هەندێک لە هاوڵاتیانەوە هەیە بە پەیام و ڕێنماییەکانی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنی و نزیک کەوتنەوەیان لە ناوچە مینرێژەکان.
سەبارەت بەکار و چالاکیەکانیشیان زێیار خالید وتی: لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە لایەن بەشی چالاکییەکانی هەڵگرتنەوەی مین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی مینی هەولێر، زیاتر لە شەش هەزار و 400 مین و تەقەمەنیی نەتەقاوەی جۆراو جۆر لە ناوبراون و هەشت کێڵگەش لە سنوری قەزاکانی سۆران و چۆمان و مێرگەسۆر و شەقلاوە لە مین و پاشماوەی سەربازیی پاککراوەتەوە کە تێکرایی ڕووبەرەکانیان دەگاتە 441 هەزار و 936م مەتر چوارگۆشە.
وتیشی: هەر لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا لە لایەن تیمی لە ناوبردنی تەقەمەنیە نەتەقاوەکان-ی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی مینی هەولێر، ڕووبەری زیاتر لە 106 هەزار و 450مەتر چوارگۆشە بە چاو پشکێنراوه و هەروەها زیاتر لە 213 هەزار مەتر چوارگۆشەی دیکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی نیشانەکراوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مین-ی هەولێر باسی لەوەشکرد کە خولی ڕاهێنان لە بوارەکانی مین لابرنی بنچینەیی و دڵنیایی جۆری و هۆشیارکردنەوە و یاریدەدەری پزیشکی و ڕوپێوی ئەنجامدراوە.
بە پێی دواین ڕووپێوی کە ئەنجامدراوە، لە سنوری پارێزگای هەولێر 412، ناوچەی مینرێژکراو هەیە کە تێکرای ڕووبەرەکانیان دەگاتە (333) کیلۆمەتر چوارگۆشە.
- 05-07-2013