لەساڵی 1950 لەگوندی کاریتانی سەر بەشارەدێی #دیبەگە#ی پارێزگای #هەولێر# لەدایکبووە، بەکالۆریۆسی لە زمانی کوردی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە، لە ساڵی 1970 دا پەیوەندیکردووە بە کۆمەڵەی مارکسیی لینینی کوردستانەوە، لە ساڵی 1974 بۆ ساڵی 1975 بووە بە #پێشمەرگە# لە شۆڕشی ئەیلولدا.
لە ساڵی 1975 دا لەگەڵ خاڵە شیهاب و جەعفەر و چەند سەرکردەیەکی دیکەی کۆمەڵەدا لەلایەن ڕژێمی #بەعس#ەوە زیندانیکراوەو تا ساڵی 1978 لە زینداندا بووە، ساڵی 1979 پاش ئەوەی ئازاد دەکرێت، دەچێتەوە بۆ خەباتی شاخ و دەبێتەوە بەپێشمەرگە تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لە چەندین دەزگای جیا جیای #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#دا کاریکردووەو چەندین ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی بینیووە، لەوانە (لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن و مەکتەبی ڕێکخستن) و چەندین بەرپرسیارێتی دیکەی بینیوە.
ساڵی 1992 یەکەم سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بووە کە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەیە، لەیەکەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشدا لە ساڵی 1992 دا بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا.
ساڵی 1993 تا ساڵی 1996 لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی هەولێر بووە، پاشان بۆ ماوەی 10 ساڵ لێپرسراوی مەکتەبی ڕێکخستن بووە، هەر لە ساڵانی نەوەدەکاندا چەند ساڵێک وەزیری پەروەردە بوو.
ساڵی 2000 بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی #سلێمانی# بەدەستهێناوە، ساڵی 2003 ش لە ئەدەبی کوردیدا بڕوانامەی دکتۆرای لە هەمان زانکۆ بەدەستهێناوە، هەروەها ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بووە، ماوەی 2 ساڵیش جێگری سەرۆکی پەرلەمان بووەو لە دانیشتنی ڕۆژی 15-02-2012 بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.
توێژینەوەو بەرهەمەکانی
1-راپەڕینی ئاگری- وەرگێڕان.
2-فاشیزم- 1988.
3-راگەیاندنی شۆڕش و بزووتنەوەی شیعری کوردی- 2001.
4-رۆژانی سەخت.
5-سیمای شیعری کوردی دوای ڕاپەڕین- 2003.
6-پرۆسترۆیکا- 2005.
7-پێگەی سیاسی کورد لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا- 2008.
8-دەیان وتارو لێکۆڵینەوە لەڕۆژنامەکان.
9-سەمای دۆلفینەکان- 2011.