بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای #سلێمانی# بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەشەش مانگی ڕابردوی ئەمساڵ 107 کەس گیانیان لەدەستداوە و بە بەراورد بەساڵی ڕابرد و ئاماری قوربانیانی هاتوچۆ کەمێکردووە.
سلێمانی، ئاوێنەنیوز: لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هۆڵی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی ئاماری شەش مانگی ڕابردوی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و چەند زانیارییەکی تری تایبەت بەبەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕو.
بەپێی ئامارەکە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوی ئەمساڵدا 107 کەس بەروداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا لەشەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو، 120 کەس گیانیان لەدەستداوە و بەو پێیەش بە بەراورد بەساڵی 2012، 13 کەس کەمێکردووە.
هەروەک لەشەش مانگی ڕابردوی ئەمساڵ 1371 کەس برینداربوون، بەڵام ژمارەی برینداربوان لە ساڵی ڕابردوو 1886 کەس بووە.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، تاهیر محەمەد، ڕایگەیاند، پلانیان لەبەردەستدا بۆ ئەوەی لەمساڵدا جەخت بکەنەوە لەسەر مەرجەکانی توندوتۆڵی ئوتومبیل.
وتیشی، 77 کامێرای نوێی تۆمارکردنی خێرایی ئوتومبیلیان بۆ هاتووە و دابەشی دەکەن بەسەر شارۆچکە و شارەدێکانی سەربە پارێزگای سلێمانی.
سەبارەت بەئاماری دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری ڕاگەیەنرا 24181 مۆڵەتی شۆفێری لەمساڵ دەرهێنراوە کە لەشەش مانگی ساڵی 2012 ژمارەکە 31177 مۆڵەت بووە.
هاوکات لەم شەش مانگەدا 20570 ئوتومبیلی نوێ تۆمارکراوە کە بە بەراورد بەساڵی ڕابردوو کەمێکردووە کە 22390 ئوتومبیل تۆمارکراوە.
-#16-07-2013#