وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: مافی کۆمپانیا نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان 3.5 ملیار دۆلارە و جەختیشی لەوەکردەوە، پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز زۆر گرنگە و نەوتی یەدەگی کوردستان لە هەر سێ پارێزگاکە 45 ملیار بەرمیلە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی"حەیات"ی لەندەنی، وەزیری سامانەسروشتیەکان هەرێمی کوردستان، ئاشتی هەورامی، جەخت لەوە دەکاتەوە، ڕێکەوتننامەی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای یاسا دەبێت و بەوەش مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ناوەندەوە دیاریدەکرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی:" حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتایی ئەمساڵدا بە بەغدای ڕاگەیاندووە، کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی داوای زیاتر لە 3.5 ملیار دۆلار دەکەن و ئەو مافانەش دەستورییە".
ئاشتی هەورامی ڕەتیشیدەکاتەوە، کە هەرێمی کوردستان بە بێ ئاگاداری بەغدا نەوتی خام ڕەوانەی دەرەوە بکەن و وتیشی: "ئه و کارە بە پێی ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت و 50% بۆ کۆمپانیا بیانییەکان و ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت".
ئاشتی هەورامی بڕوای وایە، بە پەسەندکردنی یاسایی نەوت و گاز کێشە هەڵپسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کۆتایی دێت، و بە هیچ جۆرێکیش نەوت و گاز لە ڕێگەی قاچاغەوە ڕەوانەی دەرەوە ناکرێت.
وەزیری سامانە سروشتیەکان یەدەگی نەوتی هەرێم کوردستان جگە لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، 45 ملیار بەرمیلە و دەتوانێت زیاد بێت، بەڵام گاز 100_200 ترلیۆن مەتری چوارگەشەیە.
لە کۆتایدا وتیشی، بەرهەمەکانی نەوت لە ساڵی 2015 لە یەک بەرمیل نەوتی ڕۆژانەوە، بۆ ساڵی 2019 دەبێتە دوو ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە، بەڵام پاڵاوتنی نەوتی خام و بەرووبوومە نەوتیەکان لە 150هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەوە دەتوانێت بگاتە 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
- 16-07-2013