ئا: ڕەمەزان کەریم
لەم ڕۆژانەدا لە ئاستانێ، پایتەختی کازاخیستان، کۆنفرانسی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی ئاسیا و کازاخیستان بەڕێوە چوو، ئەمەش بە بۆنەی تەمەنی 15 ساڵەی ئاستانێ کە بۆتە پایتەختی ئەو وڵاتە. لە کۆنفرانسەکەدا جێگری سەرۆکی جڤاتی کوردەکانی کازاخیستان (ئـ. لـ. توخژانۆڤ) بەناوی سەرۆکی جڤاتەکەوە (نەزەربایێڤ) پیرۆزبایی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کازاخیستانی لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار کرد و، مەدالیای ئاڵتووی پێشکەش بە شاعیر و ڕۆژنامەنووسی کورد (حەسەنی حاجی سلێمان) کرد. ئەو کەسایەتییە کوردە، بە سیفەتی ئەوەی کە خزمەتی ئاشتی و برایەتی و بەیەکەوە ژیانی گەلانی کازاخیستانی کردووە، ئەو مەدالیایەی پێشکەش کراوە.
یەکێتی کوردانی نیشتەجێی کازاخیستان (بەربانگ)، ڕایگەیاند کە بە دڵ و گیان پیرۆزبایی لە نووسەر و ئەندامی (PEN)ی کوردی نێودەوڵەتی حەسەنی حاجی سلێمان دەکات، کە لەلایەن هەموو گەلانی کازاخیستانەوە بۆتە خاوەنی ئەو مەدالیایە، هەروەها هیوای تەندروستییەکی باش و سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازن.
حەسەنی حاجی سلێمان لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردەکانی یەکێکی کۆمارە سەربەخۆکاندا، ناوێکی نامۆ نییە و بە خەباتکارێکی ناسراوی بواری شیعر، ئەدەب، ڕۆژنامەنووسی، هونەر و کولتور دەزانرێت. لەمێژە لەلایەن خوێندکارە کوردەکان و ڕوسەکانەوە دەناسرێت.
حەسەنی حاجی سلێمان لە بەرواری 26-11-1951 لە گوندی "تایتان"ی نزیک ئارارات – ئەرمەنستان – لەدایک بووە. تەمەنی منداڵی ئەو شاعیرە کوردە لەناو گوڵ و سۆسن و مێرگی کوێستانەکانی ئەرمەنستان، لە "ئەگریجە" و "قزڵ زیارەت"دا دەرباز بووە. باوکی ئەو (ئەیلازی محێ) لەناو خەڵکی ناوچەکەی خۆیاندا کەسایەتییەکی ناسراو و دەنگبێژێکی بەناوبانگ بووە. زیاتر چیرۆک، بەسەرهات، کەلام و مەتەڵی باوباپیرانی خۆی بە شێوازی حەیران و لاوک دەوتەوە.
کاتێک حەسەن تەمەنی چوار ساڵ بوو، باوکی کۆچی دوایی دەکات و هەموو ئەرکی بنەماڵەکەیان دەکەوێتە سەر شانی دایکی (فاتمە محەمەد). فاتمە خان زۆر بە سەختی پێنج منداڵ پێدەگەیەنێت و دەیانخاتە بەر خوێندن. دایکی حەسەن ژنێکی زۆر زانا و تێگەیشتوو بوو. لەناو خەڵکیشدا وەک چیرۆکزانێکی لێهاتوو دەناسرا.
فاتمە خان، هەر لەسەردەمی منداڵی حەسەنی کوڕیەوە، بەردەوام چیرۆک و حەیران و مەتەڵی کوردی بۆ دەوتەوە. یەکەم جار ئەو توانی حەز و خولیای وێژە و ئەدەبی زارەکی لە دڵی کوڕەکەیدا بچێنێت. حەسەنی حاجی سلێمان، ساڵی 1971 قۆناغی خوێندنی ناوەندی لە گوندی "شیرازلوو" تەواو دەکات. دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی و هەر لە هەمان ساڵدا، لە یەریڤان دەچێتە زانکۆی پێداگۆژی و لە بەشی زمان و ئەدەبی ئازەریدا دەست دەکات بە خوێندن. ساڵی 1975 کە توانی خوێندنی باڵاش لەو زانکۆیە تەواو بکات، تاکو ساڵی 1988 هەر لە گوندی شیرازلوو وەک مامۆستا وانەی زمانی کوردی و ئازەری دەڵێتەوە.
حەسەنی حاجی سلێمان، هەر لە ساڵانی خوێندنی زانکۆدا دەست دەکات بە نووسینی چیرۆک و شیعر و بەسەرهات و وتاری کوردی. بەرهەمە ئەدەبییەکانی لەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەدا بڵاو دەبوونەوە: ئەرمەنستان (رێیا تازە، ئەرمەنیا سۆڤێت، سۆڤێتی ئەرمەنستانی)، گۆڤاری وەک (بارێکامۆیتون)، ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردەکانی ڕوسیا (ئاخینا وەڵات، کوردستانا ئازا، دەنگێ کوردا، دۆستانی، دەنگێ ژنان، دەنگ و بەحسێ کراسنۆدارێ)، هەروەها ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی تورکیا (وەڵات، ئەسمەر)، ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کازاخیستان (کوردستان، ژیانا کورد، کاراڤان، کۆڤچێک، گۆریزۆنت، ئاسیا داویسی، کورد، نووبار، پرۆستۆر، دۆستیک – دروژبا. ساڵی 1988، ئەو کاتەی لەسەر ناوچەی شاخاوی قەرەباغ، لە نێوان ئەرمەنییەکان و ئازەرییەکاندا شەڕ هاتە ئاراوە، کوردەکان بە ناچار لە ئەرمەنستان کۆچ دەکەن.
حەسەنی حاجی سلێمان، ساڵی 1989 لەگەڵ نزیکەی 30 هەزار بنەماڵەی کوردی موسڵمان، دەربازی کۆماری سۆڤێتی پێشوو دەبن. بەشێکیان، لە ناویشیاندا بنەماڵەی حاجی سلێمان، لەگەڵ خزمەکانیان چوون بۆ کۆماری کازاخیستان و لە ئاڵمات نیشتەجێ بوون. ساڵی 1990 حەسەنی حاجی سلێمان لە ئاڵمات دەبێتە مامۆستای زمان و وێژەی کوردی. تاکو ئێستاش لەسەر ئەو کارەی بەردەوامە.
شاعیری هێژا، ساڵی 1991 دەبێتە ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی "کوردستان" و گۆڤاری "نووبار". لە ساڵی 1998ەوە تاکو ئێستا هەڵەچن و زمانەوانی ڕۆژنامەی "کوردستان" (ئێستا ڕۆژنامەی ژیانا کورد)ە.
ساڵی 1994 دەبێتە ئەندامی یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی کازاخیستان. ساڵی 2001 دەبێتە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کازاخیستان. ساڵی 2005 دەبێتە ئەندامی (PEN)ی کوردی نێودەوڵەتی.
ساڵی 1993، لە گوندی "ئاشی بولاک"ی سەر بە هەرێمی ئاڵمات، لەگەڵ دەنگبێژ و شاعیر (مەجید سلێمان) گرووپی شانۆ و سەما دادەمەزرێنن. لەبەر نەبوونی ئەکتەر لەو سەردەمەدا، خۆی لە شانۆکاندا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.
حەسەنی حاجی سلێمان، جگە لەو بوارانە، وەرگێڕێکی ئەدەبی باشیشە. لە زمانەکانی ئازەری، ئەرمەنی و کازاخییەوە، چیرۆک و شیعر و پەخشانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لە چوارچێوەی ئەدەبی کلاسیکی کازاخیدا، شیعرەکانی "ئابای کونانبایێڤ"، "جامبول جابایێڤ"، "سەکێن سەیفوللین"، "ئیلیاس جانسوگورۆڤ"، "موقاخالی ماکاتایێڤ"و چەند شاعیرێکی تری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
شایەنی باسە، ئەو شاعیرە کوردە دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤێت، بەتایبەت دەیەی 1990، زیاتر لە دوو ساڵ، بە بێ هاوکاری هیچ لایەنێک و خۆبەخشانە کاری دەکرد بۆ دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان. تەنانەت زۆر جار پارەی هاتووچۆشی پێ نەبووە، کەچی بۆ ئەوەی گۆڤاری "نووبار" نەوەستێت، پارچە زەوییەکی خۆی لە ئاڵمات دەفرۆشێت و خەرجی کاروباری گۆڤارەکەی دەکات.
حەسەنی جاجی سلێمان تاکو ئێستا چەندین جار هاتووەتە هەرێمی کوردستان و بەشداری کۆنگرە و کۆنفرانسە جۆراوجۆرەکانی کردووە، بەرهەمەکانی لە بواری ڕووناکبیریی کوردییەوە زۆر بە نرخ و هێژا دەزانرێت. ئەو کەسایەتییە کوردە وێڕای هەموو گوشارێکی دەوڵەتی کازاخیستان، لە دەیەی 1990، هەرگیز لە هێڵی نەتەوەیی و کوردایەتی لاینەداوە. بە هۆی ئەو خۆڕاگری و دڵسۆزییەی، سەرۆک کۆماری کازاخیستان بە شایستەی زانی کە مەدالیای ئاڵتوونی پێشکەش بکات. لە ناو ڕووناکبیرەکانی ئاسیای ناوەڕاست بەگشتی، جێگەی ڕێز و پێزانینە. ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شاعیر و ئەدیبە کوردە ئەوەیە کە، تاکو ئێستا نەکەوتۆتە ژێر کاریگەری هیچ حزب و ئایدیۆلۆژیایەک، تەنانەت لە کوردستانیش. ئەو هەمیشە قەڵەمەکەی لە پێناوی هەموو گەلان و بەتایبەت گەلی کوردستان بە گشتی بەکار هێناوە.
جێگەی ئاماژە، لەسەر بەرهەمەکانی ئەو شاعیرە کوردە، تاکو ئێستا چەندین تێز (بەحس)ی دکتۆرا لە زانکۆکانی کازاخیستان وەرگێراوە. لە کازاخیستان زیاتر لە 50 نەتەوە و کەمینەی نەتەوەیی دەژین کە لە ڕێگەی حەسەنی حاجی سلێمانەوە ئەو نەتەوانە کوردیان ناسیوە. چیرۆکێکی بەناوبانگی ئەو شاعیرە بەناوی "کەڕ و کلوک" لە کتێبـی ڕەسمی پەروەردەی منداڵانی کازاخیستاندا وەکو وانە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
شاعیر و ئەدیب، حەسەنی حاجی سلێمان، لە پێناوی ناساندنی کولتوری کوردی بە کۆمەڵگەی کازاخیستان، بە دەیان پێشانگای کتێب، گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی کردۆتەوە، هەروەها پێشانگای چێشت و خواردنی نەتەوەیی و بەرهەمی دەست و فلکلۆریشی کردۆتەوە. حەسەنی حاجی سلێمان تاکو ئێستا سێ کتێبـی شیعری بە ناوەکانی "حەسرەتا وەڵات، دلێ من، ئاخینا دێ" و کتێبێکی چیرۆکی بە ناوی "رییا ئەمر" بڵاو کردۆتەوە.
هەروەها چەند کورتە ڕۆمانێکیشی بڵاو کردۆتەوە بە ناوەکانی "دەردێ گوندەکی، د گەلیێ زیلادا، درامای شێخ سەعید و شێخ مەحمودی بەرزنجی، داستانی دایکی من، ئەمرێ د ناڤا تێکۆشینێ دە و وەڵات گازی من دکە".
ستایلی بەرهەم و کارەکانی حەسەنی حاجی سلێمان زۆر ستایلێکی بەرفراوان و ڕەنگاوڕەنگە. بابەتی بەرهەمەکانی زۆر جیاوازن: شیعری حەزین، وڵاتپارێزی، خۆشەویستی و ئەوین، نەریتی عەشایەری، نەخش و نیگارەکانی سروشت، برایەتی گەلان. بیر و ڕامانی ئەو شاعیرە کوردە زۆر قووڵن و لەگەڵ ئەمەشدا مرۆڤ دەتوانێت بە باشی لێی تێبگات. بە گشتی بەرهەمەکانی لە ڕووی بابەت و ستایلەوە زۆر سەرنجڕاکێش و جیاوازن. زۆرن ئەوانەی کە شایەتی ئەوەی بۆ دەدەن بەرهەمەکانی ئەو شاعیرە هێژایە هەمەڕەنگ و دەوڵەمەندە.
حەسەن، گەل و وڵاتی خۆی زۆر خۆش دەوێت. ئەو شاعیرە بە هۆی بندەستی، کۆیلایەتی، گەل و نیشتمان، ناهەقی و زۆرداری خەفەت دەخوات و هاوار و ناڵەی دەگاتە ئاسمان، داوای یارمەتی لە هەموو جیهان دەکات. شاعیر لە شیعری "من ئەو دەردە بەکێ بڵێم؟"دا بەمجۆرە باسی ئێش و ئازارەکانی خۆی دەکات:
"خرا کرن گوند و باژار
وان ئەم هێشتن هێسیر-هەژار
مێتن خوینا مەیا نەژار
ئەز ڤی دەردی کێ ڕە بێژم؟!
جگە لەم شیعرە، شیعرە بەناوبانگەکانی دیکەی حەسەنی حاجی سلێمان بریتین لە: "چیاکانی ئێمە"، "پاکیزەر"، "بۆ برا کازاخەکانم" کە هەمووی سەبارەت بە حەسرەتی خاک و نیشتمان و بانگەوازە بۆ برایەتی گەلان.