1138 کەس کاندیدن بۆ 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان کە 11 کورسییان بۆ کۆتای ئەرمەن و کلدۆئاشوری و تورکمانەکان تەرخانکراوە، 1099 کەسیش لەکۆی ئەو ژمارەیە کاندیدن و کێبڕکێیانە بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسی پەرلەمان.
ئاوێنە، هەولێر: بەڕێوەبەری گشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەهەولێر هەندرێن محەمەد، بەئاوێنەی ڕاگەیاند، 31 قەوارە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و ناویان لەسەر کارتی دەنگدان دەردەکەوێت، ئەو وتی "1138 کەس خۆیان کاندیدکردوە بۆ 111 کورسییەکەی پەرلەمان، کە 11 کورسییان کۆتایە، بۆ بەدەستهێنانی 5 کورسییەکەی تورکمان 20 کاندید کێبڕکێیانه و بۆ 5 کورسییەکی کلدۆئاشورییەکانیش 15 کاندید کێبڕکێ دەکەن و بۆ 1 کورسییەکەی ئەرمەنیش 4 کاندید هەن".
ناوبراو وتیشی "بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسییەکەش، 1099 کاندیدی حیزبەکانی کوردستان کێبڕکێیانە، کە هەریەک لەپارتی و یەکێتی و گۆڕان و حزبی ئاینده و حزبی سۆشیالیست و ئاڕاستەی سێهەمی زەحمەتکێشان یەکی 100 کاندیدیان هەیه و کۆمەڵی ئیسلامیش بە92 کاندیدو یەکگرتوش بە76 کاندید بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن، کەمترین لیستیش کە تۆمارکرابێت لیستی (پەرێشان و هەژاران)ە کە 5 کاندیدیان هەیە و لەهەریەک لەم قەوارانەش 50 ملیۆن دینار وەرگیراوە کە کۆی هەموی دەکاتە ملیارێک و 850 ملیۆن دینار".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پەرلەمان 37 ملیار و 500 ملیۆن دینار لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەحکومەت وەرگیراوە، لەکاتێکدا بۆ هەڵبژاردنی 2009 کە دو هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی بو پێکەوە، نزیکەی 20 ملیار دینار خەرجکراوە، ئەو وتی "2 ملیۆن و 800 هەزار کەس دەنگدەرن و کۆمیسیۆنیش 40 هەزار کارمەندی بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان ئامادەکردوە".
بریارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەرێکەوتی 21-09-2013و بەسیستەمی لیستی نیمچە کراوە بەرێوەبچێت.
- 23-07-2013