راگەیاندنێک لەکەسوکاری عیرفان ئەحمەدەوە بۆ ڕای گشتی دوای تێپەڕبوونی ساڵێکی تەواو بەسەر کوشتنی عیرفان ئەحمەد لە ناوەندی شاری سلێمانی و لە تەلاری "سلێمانی پاڵاس" هێشتا کەیسەکەی لە تاریکیدا ماوەتەوەو تاوانبارانی ڕاستەقینە نەدراون بە دادگاو سزای تاوانەکەیان وەرنەگرتووە.
ئەگەرچی ئێمە کەسوکاری عیرفان لەدوای ڕوداوەکەوەو لەرێگای پارێزەرەوە شکاتمان تۆمارکردوەو لەئاکامی هەوڵی ئێمەو پارێزەرەکان و هاورێ و دۆستانی عیرفانەوە بەڵگەی پێویست پێشکەشکراوە بە دادگاو سەری داوی دۆزینەوەی ڕاستیی ڕوداوەکەو ئەو تاونبارانەی بەوتاوانە هەڵساون، لەدەستی دادگادایە، سەرەڕای بەڵگەکانی پزیشکی دادوەری، کەچی بەداخەوە تائێستا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەو تاوانە نەدراوە. وا دەردەکەوێ کە دادگاو دەزگا بەرپرسەکانی سلێمانی دەستی دەستی بەو مەسەلەیەوە بکەن!
دیارە ئێمە ئەوەمان پێشتر ڕاگەیاندوە کە بەدوای تۆڵەسەندنەوەوە نین، بەڵکو بەدوای ئەوەوەین بەوجۆرە بێدەربەستیە مامەڵە لەگەڵ ژیانی هیچ هاوڵاتیەکی کوردستاندا نەکرێ. عیرفان هیچ تاوانێکی ئەنجام نەدابوو تا شایستەی هیچ جۆرە سزایەک بێت، نەک بەوجۆرە وەحشیانەیە لەلایەن پاسەوانانی سلێمانی پاڵاسەوە لێی بدرێ و دوای 4رۆژ لەئاکامی ئەو لێژانەوە گیانی لەدەست بدات. بۆیە لێرەوە دوبارەی دەکەینەوە کە ئێمە لەخوێنی عیرفان خۆش نابین تا تاوانباری ڕاستەقینە بەسزای تاوانەکەی خۆی نەگات. هەموو ڕێگایەکی گونجاویش بۆئەو مەبەستە دەگرینەپێش. هەرلێرەشەوە بەئاگاداری خزمان و هاورێیان و دۆستانی عیرفان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و جەماوەری شاری سلێمانی دەگەیەنین کە بۆ ڕێزگرتن لە گیانی عیرفان و تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەوتاوانەی بەرامبەری کرا، ڕۆژی دووشەممە 05-08-2013 کاتژمێر 5،30 بۆ 6،30 ی ئێوارە لەسەر مەزارەکەی لە گۆڕستانی سەیوان کۆدەبینەوە.
2-8-2013
- 03-08-2013