وا کەسەرێکی تر و خەمێکی تری گەورە ڕووی کردە کوردستانەکەمان، خەمێک گەورە بەقەد گەورەیی لە دەستدانی نووسەری گەورەی گەلەکەمان، و پێشمەرگەی ماندوو نەناس و دڵسۆزی کوردایەتی، کاکە شێرکۆ بێکەس.
بە داخ و پەژارەیەکی قووڵەوە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە وڵاتی سوێد، دڵی گەورەی شاعیر و پێشمەرگە و مرۆڤ دۆست مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە لێدان کەوت و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە کوردستان و پێشمەرگه و سلێمانی و شیعر و ژیان کرد، کە بەڕاستی ئەمەش کۆستێکی گەورەیە بۆ کوردستان و گەلەکەمان لە سەرتاسەری کوردستان و دنیا، بۆئەدەبی کوردی، بۆ شیعر وشاعیران، بۆپێشمەرگە.
کاکە شێرکۆ، بۆ دنیای شیعر و نووسین و بۆ کوردایەتی، هێشتا پڕاوپڕ بوو لە توانای داهێنان، گەنجینەکەی هێشتا پڕاوپڕ بوولە وشه و وێنەی دانسقه و پەی پێنەبراو، هێشتا پڕاوپڕ بوو لە توانای گەنجێتی داهێنان، پڕاوپڕ بوو لە ئەزموونی شیعر و نووسین و پڕاوپڕبوو لە پڕۆژەی ئەدەبی مەزن و نایاب، بۆیە ڕاستیمان وتوە گەر بڵێین، مامۆستا شێرکۆ جوانەمەرگی شیعر و ئەدەبیاتی کوردە.
چ کەسەرێکی گەورەیە نازناوی نەمر ببەخشینە مامۆستا شێرکۆ بێکەس، چونکە دەمێکی درێژە نەوەکانی ئەم گەلە، لەسەرزاری هەڤاڵ مام جەلالەوە نازناوی، شاعیری گەورەی گەلەکەمانیان پێ بەخشیوه و لە دڵ و دەروون و یادەوەریاندا تۆمار بووە، بۆیە کاکە شێرکۆ لە مەرگیشیدا شایستەی ئەوەیە پێی بووترێ شاعیری گەوره و نەمری گەلەکەمان.
کاکە شێرکۆی نەمر، هەر لەزووەوە شوێن پەنجەی بەسەر نوێبوونەوەی شیعری کوردیدا دیارو بەرچاو بووه و لەمێژە بۆتە خوێندنگایەکی هەمیشە لە نوێ بوونەوەی شیعر و پەخشانی کوردی. خاوەنی بە پێزترین و دەوڵەمەندترین بەرهەمی شیعری شۆڕشگێڕانه و پێشمەرگانەیە، وەک چۆن خەرمانی گوڵە شیعرە ڕۆمانسیەکانیشی، نەک هەر ئێستا، بەڵکو تا داهاتووێکی دوورو درێژیش کانیاوی هەمیشە هەڵقوڵاوی وێنه و وشه و شیعری ناسکی دڵدارانەیه و کچان و کوڕانی عاشقی کوردستان لێی ئەخۆنەوه و دەفتەری یادگاری و یادداشتەکانیان بە شیعری ئەو و بەوێنە ناسکەکانی ئەو ئەنەخشێنن و نامەکانیان بەناونیشانی شیعرە ناسکەکانی ئەوەوە بۆ یەکتر پۆست ئەکەن و نهێنییەکانیان بە تارای شیعری ئەوەوە ئەڕازێننەوە.
وەک چۆن جارانی تێکۆشانی سەخت (کەشکۆڵی پێشمەرگە) توێشووی ورەبەرزی و کۆڵنەدان و بڕوا بەخۆبوون و بەسەرکەوتن بوو، ئێستاش شیعرەکانی، وەک ئەوسا، هەوێنی دەیان سروود و سەدان گۆرانین.
کاکە شێرکۆی نەمر، کاتێ شیعری مەشخەڵانی بۆ شۆڕش و یەکێتی و پێشمەرگە نووسی، لە ڕاستیدا سروودێکی نەمری پێشکەش بە کوردایەتی کرد، کە بووە مارشی هەڵمەتی هەڵۆ بەرزەفرەکانی کوردستان، بووە مارشی ورە بەرزی زیندانیان، بووە مارشی شکۆداری بەرخۆدانی گەلەمان و بووە مەشخەڵانێکی ڕووناک و گەرم و بەتینی هەرگیز نەکوژاوەی کوردایەتی.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە ناوی سەرجەم هەڤاڵان و هەوادارانی یەکێتی و بە ناوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە خەمباری و پرسەداری ڕائەگەیەنێ و بڕواشی وایە کە بە لەدەستدانی کاکە شێرکۆ کوردایەتی زیانی گەورەی بەرکەوت، بەڵام دڵنیایە ئەو کاروانی کوردایەتییەی ئەو شۆرە سوارێکی دیارو هەنیە بەرزی بوو، وەک هەڵقوڵانی وشه و وێنە شیعرییەکانی ئەو بە جۆش وخرۆشەوە قووڵپ ئەداو مل ئەنێ و تا دوا مەنزڵ، تا سەرکەوتن ناسرەوێ.
سڵاو لە تۆ، لە گیانی تۆ، لەبەرهەمە نەمرەکانی تۆ کاکە شێرکۆ،
تۆ بە شیعرەکانتەوە، بە هەڵوێستی کوردایەتیتەوە، بە ژیان دۆستییتەوە، بە ژن دۆستیتەوە، بە تێکۆشەر و شەهید دۆستیتەوە، لێرە بەدواش لەگەڵمانای و پشکی تۆ لە سەرکەوتنەکانی ئایندەی گەلەکەشماندا پشکی شێر ئەبێ.
تۆ نەمری، تۆ ئاڵایەکی هەمیشە شەکاوەی گەلەکەمانی و نەوە دوای نەوە لە ئاسمانی شکۆمەندی کوردایەتییدا، لە ئاسمانی شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا، بەبەرزی و لەبەرزیدا ئەتهێڵنەوە. کاکە شێرکۆ.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نیشمانی کوردستان
04-08-2013