ئەگەرەکانی بەدی هاتنی دادپەروەری !؟
لە بەرواری #05-08-2012# شاعیری بەناوباگ عیرفان ئەحمەد لە بارودۆخیکی نەخوازراو و گوماناویدا گیانی لەدەستدا به و بۆنەیەوە ڕێکخراوەکەمان لە بەیاننامەیەکدا لە #06-08-2012# داوای لێکۆڵینەوەی لەم حاڵەتە گوماناویە کرد کە بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری ناوبراو توشی زەبر و لێدان بوبویەوە لە چەند شوێنێکی هەستیاری جەستەیدا.
بەربەیانی 31 مانگ ناوبراو لەلایەن هێزەکانی پۆلیس لەبەردەم سلێمانی پالاس لەحاڵەتی بێهۆشیدا دەستگیر کراوە و دواتر لەلایەن دادوەر بڕیاری تەوقیف کردنی دراوە تاکو دوای بەئاگاهاتنەوەی وتەی لێ وەربگیرێت و ڕەوانەی بنکەی گرتن و گواستنەوە کراوە، لە 1-8 لە بەندیخانە باری تەندروستی تێکچوه و لە #05-08-2012# کۆچی دوایی کردوە.
پارێزەرە خۆبەخشەکانی ڕێکخراوەکەمان بە پەرۆشیەکی زۆرەوە بەدواداچونیان بۆ ئەم کەیسە کردوە، جێی ئاماژەیە ئەم تاوانە لە ڕاگەیاندنەکان و لەسەر ئاستی گشتیش دەنگدانەوەی خۆی هەبوە و نیگەرانیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بەڵام زۆر جێگەی داخە دۆسیەیەکی وا گرنگ تا ئیستا یەکلایی نەکراوەتەوه و بەهۆی ڕۆتین و هاوکاری نەکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرەرای ڕوونی و دیاری ئەو جێیەی تاوانەکەی تێدا ئەنجام دراوه و دەستنیشان کردنی تۆمەتبارەکان بەشێوەیەکی سەرەتایی.
هەربۆیە وەک سەنتەری پەرەپێدان بەگرنگمان زانی لەم ساڵیادەدا هەموو لایەک ئاگادار بکەینەوە کە ئەم دۆسیەیە بەردەوامە و قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەی تەواو کردوە، ئێمەخوازیاری ئەوەین دادپەروەری بەدی بێت و تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن بۆ ئەوەی گیانی ئەم شاعیرە گەورەیە ئارام بێت و کەس و کارو هاوڕێیانیشی دڵنیا بن لە سەروەری یاسا.
له و پێناوەشدا ئێمە بەردەوام ئەبین لە بەدواداچونی خۆمان تا یەکلایی بونەوەی ئەم دۆسیەیە.
سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ
سلێمانی 5-8-2012