بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕایدەگەیەنێت لەسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا لەهەولێر وێڕای خنکانی مێردمنداڵێک لەزێی خەبات، حەوت هاوڵاتی بەهۆی ڕوداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و 39 کەسی تریش برینداربون.
هەولێر، ئاوێنەنیوز: وتەبێژی فەرمی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕائید کاروان عەبدولکەریم، ئەمڕۆ، یەکشەممە، ئاشکرایکرد، لەهەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزاندا 12 ڕوداوی هاتوچۆ لەسنوری پارێزگای هەولێرو دەوروبەری بەهەموو قەزاو ناحیەکانەوە ڕویانداوه و بەهۆیانەوە حەوت هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 39 کەسیش برینداربون.
وتیشی "لەرۆژانی جەژندا جگە لەوەی کە سێ حاڵەتی دزیکردن هەبوە، دوو منداڵ بەهۆی کردنەوەی ئاگرەوە سوتاون و ئافرەتێکیش خۆی سوتاندوە، هەروەها سێ حاڵەتی شەڕکردن تۆمارکراوە لەگەڵ خنکانی مێردمنداڵێک لەزێی خەبات".
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەوەشی خستەڕو کە پلانە ئەمنییەکەیان زۆر سەرکەوتو بوە، چونکە ئەم جەژنە جیاواز لەجەژنەکانی پێشو تایبەتمەندیی خۆی هەبوو به و پێیەی زیاتر لە 40 هەزار ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان لەهەولێر نیشتەجێن، ئەمە جگە لەوەی بەهەزاران گەشتیار لەناوەڕاست و خواروی عێراقەوە بۆ بەسەربردنی پشوی جەژنی ڕەمەزان لەهەولێر بون.
لەشاری سلێمانی-یش بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتییە جیاجیاکانی شارەکە لەرۆژانی جەژندا سێ کەس بەهۆی ڕوداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوه و پێنج حاڵەتی دزیکردنیش تۆمارکراوە. هاوکات 43 هەزار گەشتیار سەردانی هاوینەهەوارو شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانیان کردوه.
- 11-08-2013