خەندان -هۆگر کەمال
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئامارەکانی جەژنی ڕەمەزانی ڕاگەیاند: لە ڕۆژی عارفەوە تاوەکوو دوای جەژن پێنج حاڵەتی دزیکردن لەماڵان لەناو شاری سلێمانی هەبووە، سێ حاڵەتیان ئاشکرا بووە و تۆمەتبارەکانیش دەستگیر کراون، کە چوار تۆمەتبارن.
وتیشی: لە سەرەتای مانگی ڕەمەزانەوە تاوەکوو ئەمڕۆ 125 تۆمەتبار کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیر کراون.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە جەژنی ڕەمەزاندا 13 حاڵەتی شەڕکردن تۆمارکراوە، کە سیانیان بە چەقۆ بووە و برینداری تێدا بووە، ئەمە جگە لەوەی پێنج حاڵەتی هەڕەشەلێکردنیش تۆمارکراوە.
سەرکەوت ئەحمەد، ئەوەشی خستە ڕوو، لەو سێ ڕۆژەی جەژندا دەست بەسەر 100 پارچە تەقەمەنی و 60 دەمانچەی موروی منداڵاندا گیراوە.
-#11-08-2013#