پۆلیسێک هاوکاری منداڵێک دەکات فۆتۆ_ هۆگر کەمال
خەندان – هۆگر کەمال
وتەبێژی پۆلیسی #سلێمانی# ئاشکرای دەکات، کە 11 گەنجیان بەهۆی شەڕکردنەوە لە فێستیڤاڵی شەڕە ئاوەکەی ئەمڕۆی سلێمانی دەستیگرکردووە، کە شەش گەنجیان بریندارن.
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بە خەندانی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ لەکاتی فێستیڤاڵی شەڕە ئاوەکەی شاری سلێمانی، چەند گەنجێک لەنێوان خۆیان لێیان بووە بەشەڕ، کە بەدار و بەچەندین شتی تر لەیەکتریان داوە.
وتیشی: لە شەڕەکەدا هێزەکانمان توانیویانە 11 گەنج دەستگیر بکەن، کە شەش گەنجیان بە سوکی بریندار بوون و ئێستا لای ئێمە دەستبەسەرن.
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو، کە لەکاتی فێستیڤاڵەکەدا هاوڵاتیان بە پرتەقاڵ و چەندین شتی تر هێرشیان کردۆتە سەر ئۆتۆمبێلێکی ئێمە، ئەوە جگەلەوەی گێچەڵیشیان بە خێزانێک کرد، کە هێزەکانی پۆلیس توانیان ئەو خێزانە ڕزگار بکەن و بیان بەنە دەرەوەی پارکەکە.
بۆیەکەمجار ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی، فێستیڤاڵی شادی شەڕە ئاو ئەنجامدرا، کە بە هەزاران هاوڵاتی بەشدارییان تێدا کرد.
- 11-08-2013