لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و تەلەڤزیۆنەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK هێرشێکی بەربڵاویانکردە سەر تۆڕی میدیایی ڕووداو، بەمەبەستی دژایەتیکردنی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکەی.
دەزگا میدیاییەکانی PKK ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە گوایە بەڵگەنامەیەکیان دەستکەوتووە کە تۆڕی میدیایی ڕووداو بەپارەی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بەڕێوەدەبرێت بۆ دژایەتیکردنی PKK و پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD، پارتە درێژکراوەکەی PKK لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئێمە لێرەدا بەشێوەیەکی ڕوون بە میدیاکانی PKK دەڵێین: فەرموون ئەگەر بەڵگەیەکتان لەسەر ئەوە لەبەردەستە کە ڕێککەوتن لەنێوان تۆڕی میدیایی ڕووداو و میت دا هەیە بڵاویبکەنەوە، نەک شتێکی دەستکرد بهێنن کە کەس ناتوانێ بیخوێنێتەوە و بەخۆتان دروستتانکردووە بۆ لێدانی ڕووداو.
رووداو پێویستی بە پەیوەندی و پارەی دەزگای میتی تورکیا نییە. سەرکردەکانی PKK و PYDش دەتوانن لەکاتی دانیشتنەکانیاندا لەگەڵ میت ئەوەیان لەگەڵ باس بکەن و لێی بکۆڵنەوە.
PKK و PYD دەبێ میدیا و هیچ دەزگایەکی میدیایی نەکەنە ئامانجی خۆیان. پێویستە هەموو ڕێگرییەکانیشیان لەکاری ڕۆژنامەگەریی ئازاد لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵگرن.
ئێمە وەک تۆڕی میدیایی ڕووداو بە PKK ڕادەگەیێنین کە ئەگەر ئەوان هێرشەکەشیان لە دەزگاکانیاندا درێژە پێبدەن دژی تۆڕی میدیایی ڕووداو، لەوکاتیشدا ڕووداو لە میتۆدە پیشەییەکەی و لە پرۆفیشنالێتی خۆی دەرناچێت بەرامبەر PKK و بەهیچ شێوەیەک هێرشکردنە سەر PKK و ئەو حیزبانەی سەر بە PKKن، ناکاتە کار و ئامانجی خۆی. بەڵام PKKیش دەبێ وەک هەموو حیزبەکانی دیکە ئەوەی قبوڵ بێت کە تۆڕی میدیایی ڕووداو، نابێتە چاونووقاوی بەردەم کەموکوڕییەکان و نابێتە سەکۆی پڕوپاگەندەکردنیش بۆ حیزبەکان. ئێمە تەنیا ڕاستییەکان و زانیارییەکان و ڕووداوەکان دەگوازینەوە و دیبەیتیان لەسەر سازدەکەین. هێرشکردن و پەسندان کاری ئێمە نییە. لەبەرئەوەش تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لەلای هەموو کوردێک زیاتر دەبێتە سەرچاوەی هەواڵ و زانیارییەکانیان.
داوا لە دەزگا میدیاییەکانی PKK دەکەین واز لە سیاسەتی ڕەشکردنی ڕووداو بێنن. لەهەمانکاتیشدا ئۆباڵی ژیانی هەموو هاوکارانی ڕووداو، لەئەنجامی ئەو هێرشی ڕەشکردنەدا دەخەینە ئەستۆی ئەوان و PKK.
تۆڕی میدیایی ڕووداو
01-09-2013