لیژنەی ئەمنی سلێمانی لەکۆبونەوەیەکدا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان تاوتوێکرد و دوپاتیانکردەوە ڕێگە بەدەستدرێژی نادرێت. ئاشکراشکرا، بەهۆی داپۆشینی تابلۆکانیان 40 ئۆتۆمبێل و 20 ماتۆرسکیل دەستبەسەرکراون.
سلێمانی، ئاوێنەنیوز: بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئێمە وەک بۆنەیەکی نەتەوەییەو دەبێت هەموو هەوڵێک بخەینەگەڕ بۆ سەرکەوتنی. وتیشی، لەسلێمانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن گەرموگوڕی زیاتری پێوە دیارەو ئەمەش پێویستی بەماندوبونی زیاتر هێزەکانی پۆلیسە بۆ پاراستنی ئارامی شارەکە.
ئه و وتانەی پارێزگار لەمیانەی کۆبونەوەی لیژنەی ئەمنی سلێمانی بو کە بەئامادەبونی، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی و یوسف یاسین، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی سلێمانی و بەرێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی و فەرماندەی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و ژمارەیەک لەئەفسەرانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان، بەڕێوەچو.
پارێزگار دوپاتیکردەوە کە هێزەکانی پۆلیس دەبێت بێلایەن بن لەمامەڵەیاندا لەگەڵ هەر سەرپێچی کارێکداو وتی، دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو لایەک ڕەخساوە تا بەئازادی بانگەشە بۆ لیستەکانیان بکەن، بەڵام ڕێگە نادرێت هیچ لایەک دەستدرێژی بکاتە سەر لایەنێکی ترو ئەو مەودایە کەمبکاتەوە.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لەجێبەجێکردنی ڕێنمایەکانی کۆمیسیۆن و لیژنەی ئەمنی سلێمانی کرایەوە
بریاریشدرا هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش زیاتربکرێت بۆ ڕوبەرونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
بەرێوەبەری هاتوچۆی سلێمانیش ڕایگەیاند، ڕێوشوێنی توندیان بەرامبەر ئەو کەسانە گرتوتەبەر کە پێشێلی یاساکانی هاتوچۆ دەکەن و ڕایگەیاند، تائێستا 40 ئۆتۆمبێل و 20 ماتۆرسکیلیان دەستبەسەرکردوە بەهۆی داپۆشینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان بەئاڵاو ئاڕم و دروشمی لیستەکانیان و 7000 پسوڵەی سەرپێچیشیان کردوە.
- 02-09-2013