لەسەر بانگەوازی بەڕێز مەسعوود بارزانی،سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی #08-08-2013# بە پەیامێکی ڕەسمی داوای لە کۆمیتەی ئامادەکاری یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرد،شاندێک ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت، بۆ هەڵسەنگاندن و لێکۆلێنەوە لە بارودۆخی ڕۆژئاوا و ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویانداوە.
شاندی ناوبراو لە (7) ئەندام لێژنە بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی ئامادەکار، و (2) کەس بۆ هاوکاری لە ڕووی لۆجستیەوە هاوکار و ڕێنیشاندەری شاندەکە بوون، ڕۆژی 19-8-2013 لە هەولێر بەڕێککەوتن و دوای پێنج ڕۆژ لە بەدواداچوون و سەردانیکردنی شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژی 23-8-2013 گەیشتنەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەشی سکرتاریەتی کۆمیتەی ئامادەکاری یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرد.
سکرتاریەتی کۆمیتەی ئامادەکار، ڕاپۆرتی شاندەکەی خستە بەر باس و گفتوگۆی ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکار لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 29-8-2013، کۆمیتەی ئامادەکار ڕاپۆرتەکەی بەباشی هەڵسەنگاند و پەسەندی کرد. سوپاسی خۆی ئاراستەی شاندی نێردراو و لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد لە پاراستن و ئاسانکاری لۆجستی و حەوانەوە و ڕەخساندنی کەشوهەوایەکی ئارام، بۆ شاندەکە تا گەڕانەوەیان.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمیتەی ئامادەکار پشتیوانی خۆی لەسەر گشت داخوازییەکانی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوا و پێشنیارەکانی شاندەکە نیشاندا.داواش لە هەموو لایەنە پەیوەندارەکان دەکات هاوکار و پشتیوان بن، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
هەروەها وێنەیەکیش لە ڕاپۆرتی شاندی کۆمیتەی ئامادەکار بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ ڕێزدار سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە کرا.
داخوازی و پێشنیاری هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان:
1- هەموو کەس و پارت و لایەنەکان جەختیان لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەولێر و چالاککردنی دەستەی باڵای کوردی و لێژنەکانی دەستەی باڵای کوردی بەتایبەتی لێژنەی (تخصصی) دەکرد.
2- داوا دەکرێت بەپەلە کار بکرێت بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەناوچەی کوردییەکان، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندی کورددا نییە و دەبێتە هۆی زیادبوونی دوژمنی کورد. هەروەها داوایان کرد کە دەبێت هەموو لایەنەکان بەشدار بن لە بڕیاری شەڕ و ئاشتی و تەنها لایەنێک ئەو بڕیارەی لە دەست نەبێت.
3- داوا دەکرێت هێزێکی سەربازی هاوبەش و یەکگرتوو لە نێوان هەموو لایەن و پێکهاتەکان پێکبهێنرێت.
4- داوا دەکرێت بەپەلە داو و دەرمان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دابین بکرێت.
5- کردنەوەی دەروازەی (سێمالکا) لە نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ کاروباری بازرگانی گشتی، بەڵام بە ئالیەتێکی ڕێکوپێک و کۆنکرێتی و بەشداری فعلی هەموو لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نەک یەک لایەن سەرپەرشتی بکات.
6- کار بکرێت بۆ ڕاگرتنی کۆچبەربوونی کوردی ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی کوردستان و تورکیا و تەنها ڕێگا به و خەڵکە بدرێت، کە بۆ حاڵەتی مرۆیی دەربازی هەرێمی کوردستان دەبن و دەربازبوونیان بەرێکوپێکی و بۆ کاتێکی دیاریکراو بێت.
7- داوا دەکرێت ناوەندی سەرکردایەتی پارتەکان بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان.
8- ڕاگرتنی شەڕی ڕاگەیاندن لە نێوان لایەنەکانی کوردی دژ بەیەکتر.
9- کاربکرێت بۆ ئامادەکردنی کامپێک لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەگەر خەڵک لەبەر هەر هۆیەک ناچار بێت ناوچەی خۆی جێبێڵێت له و کەمپەدا نیشتەجێ بکرێت. هەروەها کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوا.
10- داوا دەکرێت ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان بگیرێت و کۆسپ و تەگەرە نەخرێتە بەردەمیان.
11- داوا دەکرێت خەڵکی باکوری کوردستان فشار بخەنە سەر حکومەتی تورکیا بۆ کردنەوەی دەروازەکانی سنووری نێوان تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستان.
12- هەندێک خەڵک داوایان دەکرد لە ڕووی چەکەوە هاوکاری (یەپەگە) بکرێت.
پێشنیارەکانی شاندی کۆنگرە:
1- پەلە بکرێت لە دابین کردنی داو دەرمانی ئیمرجنسی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.
2- کار بکرێت بۆ جێبەجێکردنی هەموو داواکارییەکانی سەرەوە کە پێشکەش بە لێژنە کراون.
3- سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەی سێمالکا (پێشابیر) بۆ کاروباری بازرگانی دەبێت، سیستەمێکی نوێ دابنرێت و له و دیوی سنوور یەک لایەن دەستی بەسەردا نەگرێت.
کۆمیتەی ئامادەکاری یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کورد
2-9-2013