سلێمانی، 9ی ئەیلول 2013:
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ڕایدەگەیەنێت دەبێت هەڵمەتەکانی پروپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێتە بۆنەیەکە بۆ ڕێز گرتن لە یاساکانی هەرێمی کوردستان و بڕیارو ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، نەک پێشێلکردنیان.
لە(10) ڕۆژی یەکەمی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 28ی ئابی 2013 دەستیپێکردوە، 18 ڕۆژنامەنوس کەیسەکانیان لە سەنتەری میترۆ تۆمارکردوە.
کەیسەکان لە نێوان 28 بۆ 6ی ئەیلولی تۆمارکراوە، وەک ڕۆژنامەنوسان ئاماژەیان پێکردوە کێشەکانیان زۆربەی لەگەڵ جەماوەری لیستە ڕکابەرەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بووە. کەیسەکانیشیان بریتی بوون لە دەستگیرکردن، ڕێگری و هەڕەشە، پەلاماردان، دەست بەسەراگرتن، شکاندنی جامی سەیارە، بریندارکردن، فشارو ڕێگری، تەقەکردن. کە هەمووی پێچەوانەی ئەو مافانەن کە یاسای ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنامەنوسانی زامن کردوە.
دەستگیرکردن
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە سەرنوسەری گۆڤاری باشور بە سەنتەری میترۆی ڕاگەیاند ئەمڕۆ ڕۆژنامەنوسێکمان بە ناوی نزار بێجان، لەکاتی سەردانی ئاسایشی زاخۆ دەسبەسەرکراوە. شێروان شێروانی بە میترۆی ووت" پێشتر نە سەندیکاو نە گۆڤارەکەمان ئاگادارکراوە لەسەر ئەو تۆمەتەی کە ئاراستەی نزار کراوە". لەمادەی هەشتەمی یاسای ڕۆژنامەگەری لەکوردستاندا لە کاتی گرتنەبەری ڕێکاری یاسای بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان کە بەکارێک تۆمەتبار دەکرێ پەیوەندی بە پیشەکەیەوە هەیە، سەندیکای لێ ئاگادار ئەکرێتەوە.
ڕێگری و هەڕەشە
زمناکۆ ئیسماعیل، پەیامنێری سایتی سبەی وتی کاتژمێر 6ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی بەرواری 30ی ئابی 2013 لە گەڕەکی وڵوبەی شاری سلێمانی، لە کاتی کردنەوەی مەکۆیکی بزوتنەوەی گۆڕان کۆمەڵێ گەنج هەرەشەیان لێکردم. جەختیکردەوە" میلی چەکیان لێ هێنامەوە جنێویان پێدام". بە پێ قسەکانی زمناکۆ تیمی کەناڵ KNN لە شوێنی ڕوداوەکە بوون و شاهێدن بەسەر وردەکاری ڕوداوەکە. هەروەها ڕۆژی شەممە 31ی ئاب لە گەرەکی توی مەلیک لەکاتی وێنەگۆتندا ڕێگریم لێکراوە.
پەلاماردان
حسین حسن پەیامنێری کەناڵی KNN لە زاخۆ ڕایگەیاند کاتژمێر 11ی شەوی هەینی، ڕێکەوتی 30ی ئاب، لەکاتی وێنەگرتنی هەڵمەتی هەڵبژاردن هێرشکرایە سەرمان جەختیکردەوە" کۆمەڵێک بە بێ هۆ پەلامار دراین و نەیانهێشت وێنەبگرین". عەبدوڵڵا ئەحمەد وێنەگری کەناڵەکە بە میترۆی ووت" لە ئەنجامی ئەو توندوتیژییەی بەرامبەرمان ئەنجامدرا کامێراکەمان شکا"
بەردباران
هادی ئەحمەد، پەیامنێری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بە میترۆی ڕاگەیاند شەوی هەینی 30ی ئاب، لەکاتی پەلاماردانی بنکەیەکی یەکێتی بریندار ڕکرام. هادی وتی " پەلاماردەران دەیانزانی من ڕۆژنامەنوسم بەڵام بە بەبەرد هێرشیان بۆ هێنام و بریندار بوم دەیانوت دەبێت وێنەکان بسڕیتەوە"
قەدەغەکردنی ڕوماڵ
ئامانج ئیسماعیل پەیامنێری KNN بە میترۆی ڕاگەیاند ڕۆژی هەینی 30ی ئاب لەکاتێکدا لەگەڵ وێنەگری کەناڵەکەیان سەرقاڵ ڕوماڵکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون لە لایەن چەند لایەنگرێکی لیستێکی هڵبژاردن لە ناو بازاڕی قەزای ڕانیە هەرەشەیان لێکراوە و ڕێگریان لێکردون وێنە بگرن وتی" پێان وتین وێنەگرتن قەدەغەیه و لاچن لەم ناوە ئەمە وێڕای هەشەکردن"
دەست بەسەراگرتن
ئاراس عوسمان، پەیامنێری سایتی ئاوێنە بە میترۆی ڕاگەیاند سەرلە بەیانی ڕۆژی شەممە 31ی ئاب، لە کاتی وێنەگرتنی بارەگای سەرکردایەتی پارتی لە شاری سلێمانی نزیکەی کاتژمێرێک دەستبەسەرکرام. وتی " دوو چەکدار پاش ڕێگریکردن بۆ لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر دەستبەسریانکردم"
فشارو ڕێگری
ئەبوبەکرحسێن پەیامنێری کەناڵی KNN لە قەزای سەید سادق، بە میترۆی ڕاگەیاند کاتژمێری 11ی پێش نیوەرۆی سێ شەممە لە بانکی سیقەوە وێنەی کۆمیتەی یەکێتیمان دەگرت، بەرپرسانی ئەو بانکە ڕێگریان لێکردین وێنە بگرین. هەوەها هەڵۆ سعدالله وێنەگری کەناڵی KNN کە لەگەڵ ئەبوبەکرد لەهەمان شوێندا بون بە میترۆی ووت"فشاریان بۆ دەهێناین کە ئەو گرتانە بسڕینەوە کە وێنەمان گرتون"
بریندارکردن
عبدارحمن ئەبوبکر پەیامنێری کەناڵی KNN لە شاری سلێمانی بە سەنتەری میترۆی ڕاگەیاند کاتژمێر 9:15 دەقیقەی شەوی سێ شەممە 3ی ئەیلول لەکاتی پەلاماردانی بنکەی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان من لەگەڵ تەلان کۆسرەتی وێنگری کەناڵەکەمان لەوێ بوین. وتی، " بە دەبه و دار هێرشکرایە سەرم لاچاوم بریندار کرا"
شکاندنی جامی سەیارە
بەختیار ئەحمەد پەیامنێری کەناڵی زاگروز ڕادیۆی دەنگی کوردستان، بە میترۆی ڕاگەیاند کاتژمێر 1:30 شەوی شەممە 5ی ئەیلول، لەکاتی ڕوماڵکردنی ڕوداوی تەقەکردنەکەی شەقامی توی مەلیک پەلامار دراوە. بەختیار وتی " جامی سەیارەکەیان شکاندم و چەند شوێنێکی تری سەیارەکەم زەرەری بەرکەوتوە" جەختیکردەوە" پەلاماردەران ئێمەیان دەناسی"
راونان
هاوکار یاساین پەیامنێری کەناڵی گەلی کوردستان بە میترۆی ڕاگەیاند کاتژمێر 9:45 شەوی
شەممە 6 ئەیلول. لەگەڵ بەڵێن واحید وێنەگر لە کاتی ڕوماڵکردنی بانگەشەی هڵبژاردن لە سەهۆڵەکە کۆمەڵێک کە ئاڵای لیستێکی دیارکراویان پێ بوو هێرشیان بۆ هێناین. وتی" بۆ ئەوەی گرفت دروست نەبێت له و شوێنە نەماین بەڵام ئەوان وازیان نەدەهێنا."
لێدان
تارای بایز اغا پەیامنێری کەناڵی زاگروز بە میترۆی ڕاگەیاند شەوی شەممە 6ی ئەیلول لەگەڵ وێنەگری کەناڵەکەیان بە ناوی دانەر عەبدولخالق بە دەبەی ئاو هێرشکراوەتە سەریان پاشان لێیان دراوە. تارا وتی" ئێستاش شوێنی دەبە ئاواەکان بە گیانی خۆم وێنەگرەکەمانەوە دیارە"
تەقەکردن
ئاوات محەمەد وێنەگری کەناڵی گەلی کوردستان بە میترۆی ڕاگەیاند شەوی شەممە 6ی ئەیلول لە کاتی بەرنامەی ڕاستەوخۆی کەناڵەکەمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپترا دوو گەنجی تیا بوو تەقەیان بەسەرماندا کرد، پاشان خۆیان ڕایانکردو ئۆتۆمبێلەکەیان جێهێشت. هەوەها سوزان ئومێد پەیامنێری هەمان کەناڵ سوکایەتی پێکراوە بە میترۆی وت" فشاریان بۆ هێنام سوکایەتیم پێکرا"
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ڕایدەگەیەنێت پێویستە جەماوەری لیستە ڕکابەرەکانی هەرێمی کوردستان ڕێز لە یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی بگرن و هەڵمەتەکانی پروپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکەنە بۆنەیەکە بۆ پێشێلکاری و یاساشکێنی.
میترۆ جەختدەکاتەوە پێویستە قەوارە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێز لە یاساکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش یاسای کاری ڕۆژنامەنوسی بگرن سەرباری ڕێزگرتن لە بڕیارو ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە مامەڵەی تەندروست لەگەڵ ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکاران.
میترۆ داوا دەکات هێزەکانی ئااسایش ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەنوسان لە هێرش و توندوتیژی لیست و جەماوەرەکانیان بپارێزن.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس و پارێزەر(رازاو شەریف، هیوا عوسمان، عمار الشابندر، توانا عوسمان، ڕەحمان غەریب) دامەزراوە، تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای ڕۆژنامەوانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران.
میترۆ لە بە پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی (پاڵپشتی میدیای نێودەوڵتی IMS) لە ساڵی 2011 و ڕێکخراوی فریاگوزاریی میللەتی نەرویجی (NPA) دوو ڕاپۆرتی ساڵانەی بە زمانکەانی کوردی، عەرەبی ئینگلیزی بڵاوکردۆتەوە. دوو ڕاپۆرتی وەرزیشی هەبوە. میترۆ ساڵی 2012 توێژینەوەیەکی سبەبارەت بە ئازادی ڕۆژنامەنوسی بڵاوکردۆتەوە.