بەپێی ئامارێک لە سەرەتای دەستپێکردنی سەرهەڵدانەکانی سووریا تاوەکو ئێستا 101 هەزار و513 کەس کوژراون و بە هۆکاری هەمەجۆریش 215 هەزار کەس دەستگیرکراون، هاوکات 3 هەزار کەسیش ماڵ و حاڵیان وێران بووە.
ئامارەکە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا بڵاوکراوەتەوەو تێیدا ئاماژە بەوە کراوە "لە 15-03-2011 تاوەکو 21-08-2013 ژمارەی کوژراوان لە سووریا گەیشتووەتە 101 هەزار و513 کەس، لەو ژمارەیەش 89 هەزار و 644 کەس سڤیلن، بەو پێیەش ئەو ڕێژەیە بە 88% دەستنیشانکراوە، ئەو ڕێژەیەش زۆر زیاترە لە ڕێژەی کوژراوە سڤیلەکانی جەنگی دووەمی جیهان کە ڕێژەکەی 57% بووە.
لەو ڕێژە کوژراوەی خەڵکی سڤیل، 10 هەزار و 913 کوژراو منداڵن، 9 هەزار و 911 کوژراوی دیکەش ژنن، هاوکات 2 هەزار و 964 کەسیش لەژێر ئەشکەنجە لە گرتووخانەکان گیانیان لەدەست داوە. 11 هەزار و 849 لە هێزە چەکدارەکانی سەر بە هێزە بەرهەڵستکارەکانی سووریا کوژراون.
لە هەر 2 کاژێرێک، منداڵێک دەکوژرێ
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە لە هەر کاژێرێک 6 کەس دەکوژرێن، لە ماوەی 2 کاژێریشدا منداڵێک و لە 3 کاژێریشدا ژنێک دەکوژرێت، بە کۆی گشتیش هەر ڕۆژێک 135 کەس دەکوژرێن.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە "لەو هێرشانەی کە هێزەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد کردوویانەتە سەر ناوچە و شوێنی جیاجیای سووریا 3 هەزار و 399 و کچ، 10 هەزار 913 بوونەتە قوربانی، 2 هەزار و 305 کەس لەخوار تەمەنی 10 ساڵییەوەن، مردنی 530 منداڵیش بە ئامرازەکانی ئەشکەنجەدان بووە و 79 منداڵیش لەژێر ئەشکەنجە گیانیان لەدەستداوە.
"لەماوەی سێ ساڵی بەردەوامی توندوتیژییەکانی شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە 284 کارمەندی تەندرووستی کوژراون، 143 پزیشک، 54 خاوەن دەرمانجانە و 87 کارمەندی تەندرووستین". ئەوەش خراوەتەڕوو کە 3 کارمەندی تەندرووستی دەستگیرکراون.
لە 215 هەزار دەستگیرکراو، 80 هەزاریان بێسەروشوێنن
لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سووریادا هاتووە "لە سەرەتای دەستپێکردنی توندوتیژییەکانی سووریاوە تاوەکو ئێستا هێزەکانی سەر بە ڕژێمی بەشار ئەسەد 215 هەزار کەسیان دەستگیرکردووە، زیاتر لە 80 هەزار کەسیش لە گیراوەکان بێ سەروشوێنن، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا 9 هەزار منداڵ و 5 هەزار ژن هەن، کە لەلایەن بەندییەوانەکانەوە ئەشکەنجە دەدەرێن".
هاوکات ئاماژەی بەوە دراوە "3 ملیۆن ماڵ، هەزار و 451 مزگەوت، 3 هەزار و 700 قوتابخانە، 270 نەخۆشخانەی تایبەت و 33 کلێسا لە ڕێگەی تانک، مووشەک، قازیفە و هێرشی ئاسمانییەوە ڕووخێنراون".
- 11-09-2013