بەدوای دەورەیەکی چوارساڵە لەکێشمەکێشی نێوان دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوایی و بەدوای دەورەیەک لە هاتنەمیدان و ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری، سەرەنجام بۆرژوازی کوردو حزبەکانی لەهەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆندا، توانیان لەسەر زەمینەی قەیرانێکی سیاسی و لەجەرگەی ئالوگۆڕەکانی ناوچەکەدا، سیناریۆی هەلبژاردنەوەی دەورەیەکی تری پەرلەمانی کوردستان بە قازانجی بۆرژوا ناسیۆنالستی کورد تێپەڕینن.
بەلام ئەم تێپەراندنە بێ کیشە نیە و ڕیزبەندی هیزەکانی بۆرژوا ناسیونالیست پێی ناوەتە قوناغیکی تازەی قەیران و ئاڵۆزی. سەرکەوتنی پارتی، سەقامگیرتربوونی ڕۆڵی ڕابەریی باڵێکی دەسەلاتداری بۆرژوازی و ناسیۆنالیستی کوردە لەنێو قوتبی بۆرژوازی و سەربازگەی بۆرژوا- ناسیونالیستی کورد دا. ئەمە بۆخۆی زەربەیەکی گەورە بوو هەم لە یەکێتی نیشتمانی و هەم لە بزووتنەوەی و گۆڕان، بەکردەوە لە جێگەیەکی خوارتر وسەخت تر لەنێو ژیانی سیاسیی کۆمەڵگای کوردستاندا ڕایگرتوون. دیارە سەرجەم ئەم ڕیزبەندییە تازەیە دەرگای لەسەر بەرینبوونەوەی قەیرانی نێو ڕیزەکانی بورژوا ناسیونالیستی کورد لە لایەک و لە لایەکی ترەوە بۆ ڕەوینەوەی خۆشباوەری لەنێو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکیش ولاوان وژنان بەرامبەر سەرجەم بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد بە دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنیەوە.
هێزەکانی بۆرژوازی لەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا، بەمەبەستی ڕاکیشانی خەڵک بۆناو پرۆسەی هەڵبژاردن هەوڵیاندا ئەوە بەخەڵک بسەلمێنن کە لەدەرەوەی کێشمەکێشی سیاسی ومونافەسەی هەڵبژاردنی نێوان هەردووباڵی بۆرژوازی کورد(دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن)دا، ڕێگایەکی تر نیە بۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بۆ باشکردنی ژیان وپێکهێنانی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی، دەستی بۆبەرن. لەکاتێکدا تەجروبەی چەند ساڵی ڕابردوو نیشانیداوە، که کێشه و ململانێی نیوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، کێشه و ململانێیەکی سیاسی دووباڵی بۆرژوازی کوردە و هیج پەیوەندیەکی بەخواستەکانی خەڵک بۆ باشکردن ژیان و ڕزگاربوون لە دەسەڵاتێکی نایەکسان و میلیشیایی و سەرکوتگەرو کۆنەپەرستەوە نیە.
بەڵام بەپێچەوانەی هاتوهاواری چەواشەکارانەی سەرانی حزبەکان و دەزگای میدیاو ڕۆشنبیرانێکی سەرمەست بەئاسۆو ئامانجەکانی ناسیونالیزمی کورد، لەم هەڵبژاردنەدا نەک هەر نوێنەرانی واقعی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و لاوان و ئازادیخوازان ئامادەیی نەبوو، بەڵکو هەڵبژاردنێک بوو لەنێوان ئەوانەدا کە لەسەر تاڵانکردنی سامان و داهاتی خەڵک، میلیشیاو سامانی زۆروزەوەندیان بۆخۆیان کەڵەکەکردوەو دەتوانن بە زۆر و ترساندن و بەرتیل و چەواشەکاری دەنگی خەڵک زەوت بکەن. بەڵگەنامەی کۆمسیۆن بۆ هەلبژاردنەکان کە دەنگدانی بەحزبەکان کردە بنەماو چەندین قەیدو بەندی مادی و قانوونی لەبەردەم ڕابەرانی کرێکاری و هەڵسوراوانی بزووتنەوەی ژنان و ئازادیخوازاندا قووت کردەوە، هەر لەسەرەتاوە جێگایەکی نەهیشتەوە بۆ بەشداری ئازادانەی هاوڵاتیان.
ڕۆڵێک که لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕۆشبیرانێک که لەم هەڵبژاردنەدا گێڕایان، هەرئەوە نەبوو کە هاوڵاتیانی ناڕازی بەدەسەڵات، بەوەهمی "ئەیگۆڕێن"و "چاکسازی" و"جیاکردنەوەی حزب لەحکومەت"، بخەنە پشتی سیاسەتە کۆنەپەرست و بۆرژواییەکانی خۆیان، بەڵکو بەوپەڕی تواناوە تێکۆشان تا ئەم هەڵبژاردنە بەخەڵک قبوڵ بکەن و ئیعتبارو "حورمەتی دیموکراسی" بگێڕنەوە بۆ دەسەڵاتیک کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی لەسەریەوە ڕاوەستاون. ئۆپۆزسیۆن که بێپەروا لەسەر سیاسەتی درێژکردنەوەی ڕیزی دەنگدەران و ڕاکێشانی هەرچی زۆرتری بەشداری کردنی ڕێژەی خەڵک کاری کرد، توانی واقعیەتەکانی ژیانی کرێکاران و مەحرومانی کۆمەڵگاو خەڵکی ناڕازی به دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبە ناسیونالیستەکانی، پێچەوانه بکاتەوە وئه و درۆیە جێگیربکات، کە گوایە هەڵبژاردن و سندوقەکان و دەنگی خەڵک فرسەتێکە بۆ گۆڕانکاری له سیستەمی سیاسی ئیستای کوردستان و دەرکێشانی دەسەڵات لەدەست پارتی و یەکیەتیدا!. لەکاتێکدا خەڵکی ناڕازی کوردستان به نارەزایەتیەکانی ڕۆژانەی خۆیان و بەتایەبتی لە17 شوباتدا، چەندين جار، ئەو ڕاستیەیان سەلماندووە کە ئەم دەسەڵاتە نەچاکسازی هەڵدەگڕێ و نه لەڕیگای دەنگدانەوە دەتوانرێ وەلابنرێ.
ئەوەشی کەبەشداری خەڵکی لەم هەڵبژاردنەدا هێنایەکایەوە، زاڵنەبوونی ئاسۆو هوشیاریەکی چینایەتی بوو بەرامبەر بەسیاسەت و سیناریۆ سیاسیەکانی باڵ و بەشەکانی چینی بۆرژوازی. بە پێچەوانەی سیاسەتی فریوکارانەی حیزبەکانی بەشدار لەم هەڵبژاردنەدا، سەبارەت بەسەرکەوتن و بەدەستهێنانی "دەنگی زۆرینە"، ئەوە تەنها خەڵکی کوردستانە کە بەدونیایەک ناڕەزایەتی و بیزاریانەوە لەدەسەڵات، جارێکی دیکەش و لەم هەڵبژاردنەدا، نەیانتوانی ڕیگای سیاسی جیاوازی خۆیان بگرنەبەرو وەک ڕیزێکی ڕیکخراو و سەربەخۆی سیاسی لە دەرەوەی ئاسۆو سیاسەتی چینی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی ڕاوەستن. ئەگەر خەڵکی کوردستان لەهەڵبژاردنی 25-07-2009دا، به وەهمی تۆڵەکردنەوە له پارتی و یەکیێتی، دەنگیان بە بزووتنەوەی گۆران دا، تا ئەڵقەیەک له زنجیرەکانی دەسەڵاتی هاوپەیمانێتی ستراتیژی ئەم دوو حزبە بپسێنن، ئەوا لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، نەک نەیانتوانی هەنگاوێک بەرەو باشکردنی ژیانیان بنێن بەڵکو دەسەڵاتی پارتییان بەسەر ژیانی سیاسی خۆیاندا "شەرعیەت" پێدایەوە!
بێگومان کابینەیەکی حکومەتی کە بڕیارە وەک بەرئەنجامی"حزبە براوەکان"ی ئەم هەڵبژاردنە بێتەسەرکار، بێدەردەسەری نییه و ناتوانێ نه لە ڕوانگەی باڵەکانی بۆرژوازی کوردەوه، دەسەڵاتێکی یەکدەست پێکبهێنێو، نە له ڕوانگەی هاوڵاتیانی کوردستانیشەوە، کۆمەڵگا بەره و ئارامی و خۆشگوزەرانی ببات. بەڵکو قەیرانی سیاسی و پشێویه کۆمەڵایەتیەکان له ئاستێکی توندترو فراوانتردا، دێنێتەکایەوە.. هەربۆیە ئەوەی لە دەستوری گشت هیزەکانی بۆرژوازیدایە دەمێنێتەوە تەنهاو تەنها ئەوەیە کە لەپێناو ڕاگرتنی هێزی کاری هەرزان و سپاردنی ژیانی هاولاتیانی کوردستان بەبازار، لە هاوپەیمانیەتیەکی ژێربەژێری پیرۆزدا، بەرامبەر بەچینی کرێکارو بزووتنەوەی ڕادیکاڵی جەماوەری زەحمەتکێش ڕاوەستن و خەتەری ڕۆچوونی بارودۆخەکان بەره و شۆڕش و هەلومەرجی شۆڕشگێرانە، دورخەنەوە.
بەڵام ئەگەر ئەم هەڵبژاردنە بۆ چینی بۆرژوازی کوردو حزبەکانی، هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی تر بێت له بردنه پێشەوەی کێشمەکێشی سیاسی لەسەر داهاتووی دەسەڵات و بازاڕی سەرمایەداری، ئەوا بۆ چینی کرێکارو زەحمەتکێشان، بۆ جوڵانەوەکانی ژنان ولاوان و هەر دەنگێکی ئازادیخواز، وەرگرتنی دەرس و تەجروبەیە لەم پرۆسە سیاسیە بە ئاقاری دەستبردن بۆ خەباتێکی فراوانی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕانەی چینایەتی. بۆ ئەوان کۆتایی هەڵبژاردن، دەرچوونە له ئاسۆی خۆشخەیاڵی بەسیاسەتەکانی بۆرژوازی کوردو حزبەکانی، هەوڵدانە بۆ ڕیکخستنی بزووتنەوەیەکی سیاسی سەربەخۆ و هێانەمەیدانی ڕابەریەکی شۆڕشگێرانە، کە ڕێنمایی خەبات و ناڕەزایەتیه بەرهەقەکانیان بکات. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەپێناو پرکردنەوەی ئەم بۆشایەدا بەتەواوی توانایەوە تێدەکۆشێ و لەهەوڵی هێنانەمەیدانی بزووتنەوەیەکی سیاسی و وشۆڕشگێرانەی چینایەتیدایه، کە بتوانێ هاوسەنگیی هێز بەقازانجی دەستکۆتاکردنی چینی بۆرژوازی لە دەسەڵات بگۆڕیت و پێشڕەوی کۆمەڵایەتی بەئاقاری ئازادی و یەکسانی و باشبژێوی دەستەبەربکات.
27-09-2013