- جەماوەری تێکۆشەری کوردستان...
_ حزب و لایەن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان...
ئێمە ئەو لیستانەی کەوا لە خوارەوە ناومان هاتووە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 06-10-2013 لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK لە هەولێر سەبارەت بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووینەوەو گفتوگۆمان کرد، ئێمە هەموو لایەکمان لەباشووری کوردستان بەپەرۆش و ئامادەکارییەوە لە ڕێکەوتی 21-09-2013 پێشوازیمان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردو تێیدا بەشداربووین، لیستەکانیشمان وەکو هەموو لیست و قەوارەکانی بەشدار لەم هەڵبژاردنەدا کاری خۆیانکرد، لیستەکانمان پێکهاتبوو لە کۆمەڵێ کاندیدی ناسراوو بەتوانا لەهەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، کاندیدەکانیش لێهاتوو بوون و خاوەن پێگەی جەماوەری خۆیان بوون، ئەوەی چاوەڕێمان نەدەکرد ئەو دەنگانە بوو کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە ڕێکەوتی 02-10-2013 ئەنجامەکانی ڕاگەیاند، ئەو دەنگانەی لیستەکانمان کە خوێندرانەوە بەهیچ شێوەیەک بەدەنگی خۆمان نازانین و ئەو دەنگانە دوورن لەڕاستی و لەگەڵ پێگەی سیاسی و جەماوەری لیستەکانمان و کاندیدەکانمان یەکناگرنەوەو دەنگەکانی لیستەکانمان لەو ژمارەیە زۆر زیاترن کە ڕاگەیەنراوە، ئەوەی ئێمە لەچاودێرەکانمان بەدەستمان گەیشتووە یەکناگرێتەوە لەگەڵ ژمارەی ڕاگەیاندراوی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و، لە زۆر شوێن بە بەرچاوی چاودێرەکانمان بەئەنقەست دەنگی لیستەکانمان پووچەڵکراوەتەوەو چاودێرەکانمان لەسەر ئەم پێشێلکارییانە سکاڵایان تۆمارکردووە، بەداخەوە سکاڵاکان بەهەند وەرنەگیراون، هەموو لایەکیش دەزانین کەوا دەستکاری زۆری دەنگی لایەنەکان کراوە لەزیادکردن و فەوتاندن، واتە هەڵبژاردنەکە بێ ساختەکاری نەبووە، ئێمە وای دەبینینەوە کەوا بووینەتە قوربانی ململانێ و بەرژەوەندی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و هەندێ لایەنی هەرێمی.
بۆیە ئێمە زۆر ڕاشکاوانە بە گەلی کوردستانی ڕادەگەیەنین کە بەهیچ شێوەیەک بەم ئەنجامە ڕازی نین و ڕەتیدەکەینەوە، بەباوەڕی ئێمە دەستکاریکردنی دەنگی لایەنەکان گاڵتەکردنە بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی و خواستی هاوڵاتیان و هۆکارە بۆ ناشرینکردنی ئەزموونی باشووری کوردستان، لەهەمان کاتدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەبێلایەن نابینین، بۆیە داواکارین کەوا سندوقەکانی دەنگدان لەلایەن لێژنەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن جارێکی دیکە هەژمار بکرێنەوە، بۆئەوەی هەموو لیستەکان ژمارەی دەنگی ڕاستەقینەی خۆیان بزانن.
جەماوەرو لایەنگران و دەنگدەرانی لیستەکانمان دڵنیادەکەینەوە لەهیچ دەنگێکی خۆمان خۆشنابین و هەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرینەبەر بۆ بەدەستهێنانەوەی دەنگە فەوتاوەکانی لیستەکانمان، لەهەمان کاتدا لە دادگا تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدەین.
- سەرکەوێ خواستی گەلی کوردستان.
لیستەکان:
1- لیستی چاکسازی و گەشە (ژمارە 106)
2- لیستی مافەکانی خەڵکی کوردستان (ژمارە 118)
3- لیستی مافی گەل (ژمارە 116)
4- لیستی سەربەخۆکان (ژمارە 119)
5- لیستی حزبی ڕزگاری کوردستان RPK (ژمارە 114)
6- لیستی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK (ژمارە 109)
06-10-2013
هەولێر _ کوردستان