ئەمڕۆ شەممە 05-10-2013 کۆمیتەی سەرکردایەتی (یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK) بەسەرپەرشتی هەڤالأ غەفوور مەخمووری سکرتێری گشتیی YNDK، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی کوردستان و ناوچەکە و کارو خەباتی YNDK کرا.
سەبارەت بە باکووری کوردستان: YNDK خۆشحاڵە بەپێشڤەچوونەکانی خەباتی نەتەوەکەمان لەو بەشەی وڵات و پشتگیری بەردەوامبوونی پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد لە باکوور دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت، لەهەمان کاتدا سیاسەتی فاشییانەی ڕژێمی تورکیا کە دژی نەتەوەکەمان ئەنجامی دەدات ڕیسوا دەکات.
لەبارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: YNDK بە گرنگی دەبینێت کە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات کار بکەن بۆ کۆکردنەوەی هێزو تواناکانیان، بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی سیاسی لە نێوان خۆیاندا بۆئەوەی ئامادە بن بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی کە لەسەر ئاستی ناوچەکەدا ڕوودەدەن و دێنە پێشەوە.
سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان: YNDK بە گرنگی دەزانێت تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانی ئەو بەشەی وڵات یەکڕیزو یەکدەنگ بن و بەیەکەوە کاربکەن و خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بەدوور بگرن، لەجیاتی حزبایەتی کوردایەتی بکەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن و خۆیان دوور بگرن لەهەر گرژی و ناکۆکییەک.
لەبارەی باشووری کوردستان: گفتوگۆو هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا کەوا ڕۆژی 21-09-2013 ئەنجامدرا، YNDK کۆمەڵێ سەرنج و پێشنیاری لەسەر تەواوی پرۆسەکە هەیە، YNDK بۆ ئەم هەڵبژاردنە لیستی 109ی پێکهێنابوو کە 27 کاندیدی لەهەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگەی کوردستان لەخۆگرتبوو، کاندیدەکانیش لێهاتوو بوون و پێگەی جەماوەری خۆیان هەبوو، ئەوەی چاوەڕێمان نەدەکرد ئەو دەنگانە بوو کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند، ئەو دەنگانەی لیستی 109 کەراگەیانراوە بەهیچ شێوەیەک بەدەنگی خۆمان نازانین و ئەو دەنگانە دوورن لەڕاستی و لەگەڵ پێگەی سیاسی و جەماوەری YNDK و کاندیدەکانمان یەکناگرنەوەو دەنگەکانی لیستی 109ی YNDK لەو ژمارەیە زۆر زیاترە کە ڕاگەیەنراوە، ئەوەی ئێمە لەچاودێرەکانمان بەدەستمان گەیشتووە لەگەڵ ژمارەی ڕاگەیاندراوی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن یەک ناگرێتەوە، لە زۆر شوێن و بە بەرچاوی چاودێرەکانمان بەئەنقەست دەنگی لیستی 109ی YNDK پووچەڵکراوەتەوەو چاودێرەکانمان لەسەر ئەم پێشێلکارییانە سکاڵایان تۆمارکردووە، هەموو لایەکیش دەزانین کەوا دەستکاری زۆری دەنگی لایەنەکان کراوە لەزیادکردن و فەوتاندن و دەنگی هەندێ لایەن خراوەتە سەر لایەنی دیکە، واتە هەڵبژاردنەکە بێ ساختەکاری نەبووە.
ئێمە لە YNDK بەهیچ شێوەیەک بەم ئەنجامەی لیستی YNDK ڕازی نین و ڕەتیدەکەینەوە، بە باوەڕی ئێمە دەستکاریکردنی دەنگی لایەنەکان گاڵتەکردنە بە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی و خواستی هاوڵاتیان و هۆکارە بۆ ناشرینکردنی ئەزموونی باشووری کوردستان، لەهەمان کاتدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەبێلایەن نابینین، بۆیە وەکو پێشتریش ڕامانگەیاندبوو داواکارین کەوا سندوقەکانی دەنگدان لەلایەن لێژنەیەکی سەربەخۆ و بێلایەن جارێکی دیکە هەژمار بکرێنەوە، بۆئەوەی هەموو لیستەکان ژمارەی دەنگی ڕاستەقینەی خۆیان بزانن.
سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەکە: YNDK پێیوایە ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە ڕەوشێکی پڕ ناسک و هەستیارو ئاڵۆزدایە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەگەرو پێشهاتی نوێ دێنە پێشەوەو، پێویستە ئێمەی کوردیش سوود لەو دەرفەتە وەربگرین و هاوکاری برایانمان بین لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بۆئەوەی ئەوانیش کارو خەباتی خۆیان خورت بکەن و بەرەو ڕزگاری و ئازادی هەنگاو بنێن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە کاروخەباتی YNDK لەماوەی ڕابردوودا کرا و کارنامەیەکی تۆکمە لەسەر هەموو ئاستەکان بۆ کارو خەباتی داهاتووی YNDK دانرا، ئەمەو کۆبوونەوەکە سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارنامەی خۆی هێنا.
کۆمیتەی سەرکردایەتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
05-10-2013 هەولێر _ باشووری کوردستان