بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عیراق پێشبینی دەکات یەدەگی نەوتی هەرێم دوو هێندەی ئەو ڕێژەیەی ئێستابێت کە بە 45 ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێ لەئێستادا و پێی وایە ڕاستی و دروستی ئەو ڕێژەیە کاتێک دەردەکەوێت کە ڕووپێوی تەواو بکرێت.
ئەحمەد عەبدولئەمیر شەماع بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عیراق بەئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان لەپیشەسازیی نەوتیدا لە گەشەسەندندایە بەهۆی پەیداکردنی پسپۆڕی و بوونی کادری باشی پیشەسازیی نەوتیی لە عیراق و هاتنی کۆمپانیا بیانیە زەبەلاحەکانی نەوت، وتیشی:" ئەگەر ڕووپێوی تەواو باش بۆ هەموو پێکهاتە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت ئەوا ئەو یەدەگەی ئێستا ڕاگەیەنراوە بۆ دوو هێندە زیاد دەکات".
بەوتەی شەماع، زیاتر لە (30) ساڵە ڕووپێوی نەوت نەکراوە لەعیراق و دواین هەڵمەتی ڕووپێوکردنی جیۆلۆجیی بۆ دۆزینەوەی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو.
بەپێی هەواڵەکە یەدەگی نەوتیی هەرێم لەسێ پارێزگاکەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک بە (45) ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت.
- 10-10-2013