لەرۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی شەکرەدا بەپێی ئامارەکان هەزارو 303 حاڵەتی نەخۆشیەکە لەسنوری تەندروستی #گەرمیان#دا هەیە کە مانگانە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.
گەرمیان، ئاوێنەنیوز: لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، ڕۆژی 14ی مانگی تشرینی دووەم، وەکو ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی شەکرە دیارییکراوە.
دیاریکردنی 14ی تشرینی دووەمیش بەرۆژی جیهانەی نەخۆشی شەکرە، دەگەرێتەوە بۆ دۆزینەوەی دەرزی ئەنسۆلین کە چارەسەری سەرەکی نەخۆشیەکەیە لەلایەن زانای پزیشکی فریدریک بانتیک.
بەپێی دواین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕێژەی ئەو کەسانەی لەسەرتاسەری جیهان دوچاری ئەم نەخۆشیە بون، دەگاتە 347 ملیۆن کەس، ڕێژەکەش ڕو لەزیادبونە.
لەسەرئاستی ناوچەی گەرمیانیش، دەزگا فەرمیەکان ڕایدەگەیەنن لەسنورەکەدا، 1303 هاوڵاتی لەهەردو شاری #کەلار#و #کفری# ناونوسکراون کە مانگانە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، د. حەسەن ڕەمەزان ناسر، بەئاوێنەنیوزی ڕاگەیاند، له و ڕێژەیە، 1025 یان لەکەلار و 278 یان لەکفرین. ئاماژەی بەوەشکرد ئەمە تەنها ڕێژەی ئەو کەسانەیە کە ناویان تۆمارکراوه و پسوڵەیان بۆ کراوه و مانگانە لەنەخۆشخانەکان چارەسەر وەردەگرن، ڕەنگە کەسی تریش هەبن کەخۆیان ناونوس نەکردبێت.
نەخۆشی شەکرە یەکێکە لەنەخۆشییە درێژخایەنەکان و بریتیە لەبەرزبونەوەی ئاستی ڕێژەی شەکر بۆ سەرووی ڕێژەی سروشتی لەخوێنداو لەئەنجامی کەمی یا نەبوونی دەردانی هۆڕمۆنی ئینسۆلین لەخوێندا ڕوودەدات.
هۆکاری بۆماوەیی، هەوکردنی ڤایرۆسیی و تێکچوون لەسیستمی بەرگری لەش فاکتەرن بۆ تووشبوون بەنەخۆشی شەکرە.
زۆر میزکردن و وشکبونی ناوپۆشی دەم و هەستکردن بەتینویەتی و ماندوو بوون و دابەزینی کیشی لەش، لەدیارترین نیشانەکانی نەخۆشی شەکرەن.
#14-11-2013#