ئێمەی هاوبیرانی کوردایەتی کە لە ڕووی بیروباوەڕەوە درێژکراوەی
دید و بۆچوونە فەلسەفی و هزرییەکانی کاژیک و پاسۆکین و خاوەنی خەباتێکی نەتەوەییانه و شۆڕشگێڕانەی زیاتر لەپەنجا ساڵین لەشار و
شاخەکانی کوردستاندا و ماوەی چەند ساڵێکیشە چالاکییەکانمان لە ڕێی پێنووسەکانمانەوە، بەزۆری، لە بواری هزریدا چرکردۆتەوە بۆ گەشەدان بەهۆشیاریی نەتەوەیی و بۆ ئەوەی بواریش بخەینە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گێڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان و ئاراستەکردنی قەوارە سیاسییەکەی باشوور بەره و سەربەخۆیی. بەڵام بەداخەوە، ئەو دوو مەبەستە هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ نەنراوە بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ململانێی حیزبایەتییەوە که تا ئێستا ئەو ململانێیە درێژەی هەیه و ڕێگرە لەبەردەم به ئامانج گەیشتنی نەتەوەکەمان، بەڵکو مەترسییەکیشە لەسەر مانەوەی ئەو قەوارە سیاسییەمان کەبە خوێنی سەدان هەزار شەهیدی نەتەوەکەمان هاتەدی. لەوانەش خراپتر، ئێستا کار گەیشتۆتە ئەوەی پەلی هەندێک لەو حیزبانە بەدەستی یەکێک یا دوان لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانەوەیە، وەک سەردەمی میرنشینیە کوردییەکان، کە ئەوە بووە هۆی له ناوچوونیان! هەندێ ئاماژەش ئەوە ئەگەیەنن که ئێستا چەند لایەنێکی دەرەکی، بەهاوکاریی نۆکەرەکانیان لەناو خۆی کوردستاندا، خەریکی پیلانێکن بۆ کەرتکردنی قەوارە سیاسییەکەی باشووری کوردستان، پشتبەست بەیاسای پاریزگاکانی عێراق وەک هەنگاوی یەکەم و دەستبەردان لەناوچە داگیرکراوەکان وەک هەنگاوی دووەم و کۆتاییهێنان بەقەوارەکەی هەرێم وەک هەنگاوی سێیەم! سەرباری کارە تیرۆرستییەکانی ئیسلامی سیاسی کە پریشکیان گەیشتە هەولێری پایتەختیش!!
حیزبە گەندەڵەکانیش، بەهۆی شەڕە کورسیی پەرلەمان و پاراستنی تاڵانییەکانی خۆیانەوە، کەمتەرخەمن بەرامبەر ئەم مەترسی و پیلانانه و ئەوانیش کاری کردەیی بۆ گیرانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان ناکەن و دوورن لەئامانجی سەربەخۆیی کوردستانەوە!
ئەی جەماوەری ستەمدیدەی نەتەوە قارەمانەکەمان : هەموو ئەو ڕاستییە تاڵانه و پێویستیی تەواوکردنی نامەی پیرۆزی هەردوو ڕێکخراوی (کاژیک و پاسۆک)ی خاوەن شانازی بەرابووردوە پڕ له تێکۆشان و پاکەکەیانەوە، بوونە هاندەرمان بۆئەوەی دەسکەینەوە بەخەباتی ڕێکخراوەییمان لە کۆمەڵەیەکدا، نەک حیزب. لەو باوەڕەمانەوە کە نەتەوەیەکی داگیرکراو و بەشبەشکراوی وەک کورد، بۆ حیزبایەتی ناشێ، بەتایبەتی ئەم شێوە حیزبایەتییە ستالینییەی حیزبەکانی سەرتاسەری کوردستان پەیڕەوی ئەکەن و بۆتە مایەی کەرتکردنی نەتەوە و گەندەڵی و ئەبێتە هۆی نائومێدی و بەئامانج نەگەیشتنی نەتەوەکەمان!!
بۆیە له ئەنجامی ژمارەیەک دانیشتنی هاوبیرانەدا، دواهەمینیان، لە گوندی سیتەک بە بەرواری 25-10-2013 بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هاوبیرانی دهۆک و هەولێر و کەرکووک و سنه و سلێمانی و تاراوگە، بڕیاری کاراکردنەوەی چالاکییەکانمان لەم کۆمەڵەیەدا دا و ئەمڕۆش 21-11-2013 کارەکەمان ئاشکرا ئەکەین و مژدەی هەڵهاتنی خۆری ئەم کۆمەڵەیە بە سەرجەم نەتەوەکەمان ئەدەین و بانگی هەموو تاک و کۆمەڵێکی سەربەخۆییخواز و هەموو پێنووسه نیشتمانی و نەتەوەییەکان ئەکەین بۆ بەشداری لەم کۆمەڵەیەدا وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی پیرۆز.
سەرکەوتووبێ خەباتی لەپساننەهاتوومان لەپێناوی ئازادی و یەکسانیی کورد و سەبەخۆیی کوردستاندا.
کۆمەڵەی هاوبیرانی کوردایەتی
K H K
21-11-2013