پەرلەمانتارێکی سەر بە لیستی یەکێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی زەرەرمەندبوونی قەزای کۆیە لە دەرهێنانی نەوت و گاز و هاتووچۆی تانکەرەکان، دانیشتوانی ئەو قەزایە بەبڕی زیاتر لە 38 ملیار دینار قەرەبوو دەکرێنەوە و پارەکەش دەکرێتە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆیان.
گۆران ئازاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەیجی ڕەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی: "بە هۆی زەرەزمەندبوونی قەزای کۆیه و ناحیەکانی لە پڕۆسەی هێنانەدەرەوەی نەوت و هاتووچۆی تانکەرەکان به و سنوورەدا، لەبەرئەوەی یاسای نەوت و گاز و گرێبەستە نەوتییەکان پابەندی کۆمپانیاکان دەکەن قەرەبووی زیانەکانی ئەو سنوورانە بکەنەوە، بۆیە دوای هەوڵێکی زۆرو بەردەوامی هەمەلایەنە لەگەڵ هەردوو کابینەی حکومەت، حکومەت ڕەزامەندی دا لەسەر قەرەبوو کردنەوەی قەزای کۆیە.
لە بەشیکی دیکەی نوسینەکەیدا هاتووە: یەکەم، بڕی 30 ملیار و 113 ملیۆن و 654 هەزار دینار بۆ قەزای کۆیه و ناحیەکانی دابینکراوە، بەم شێوەی کە لە نووسراوەکە هاتووە کە تیایدا ڕێگەیەک دەکرێت لە شەقامی تەقتەقەوە بۆ دەرەوەی کۆیە، بۆ ئەوەی چیتر تانکەرەکان هاتووچۆ بەناو شاردا نەکەن.
دووەم، تەرخانکردنی بڕی نزیکەی هەشت ملیار دینار لە پارەی ڕاستەوخۆی کۆمپانیای TTOPKO بۆ قەزای کۆیه و ناحیەکانی، کە پێشتر گرفتی کردنەوەی (حساب بانکی) هەبووە، ئەمەش دوای هەوڵ و پەیوەندیکردنی زۆر چارەسەر کراوە و لە نزیکترین کاتدا هەردوو گوژمەی هاتوو دەچێتە خزمەتی هاوڵاتیانەوە، بە ئومێدی ئەوەی ئەم بڕە پارەیە کەمێک لە زیانەکانی سنوورەکە کەمبکاتەوە و دەستخۆشی بۆ هەموو لایەک.
- 25-11-2013