نوێنەرێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەهاوپەیمانی کوردستان، ڕایگەیاند، پێویستە کورد پەلە بکات لەرێی لیژنەکانی نێوان خۆی و بەغدا تا پێشگەیشتنی بودجە بۆ پەرلەمان کێشەکانی خۆی لەگەڵ بەغداد بگەنە ڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەبودجەی عێراقدا کۆسپ و فشار بۆ کورد دروست نەکەن و عیراق حەوت تریلیۆن دینار قەرزاری پێشمەرگەیە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەهاوپەیمانی کوردستان، د.ئەشواق جاف، بە (خەندان)ی ڕاگەیاند "داواکارم لەو لیژنەکانی کە لەدوای دواترین ڕێکەوتننامەی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی ناوەند و حکوومەتی عێراق پێکهاتن کاری خۆیان بکەن بۆ چارەسەری ئەو کێشە هەڵواسراوانەی نێوان هەرێم و بەغدا تا ئێَش ئەوەی بودجەی 2014 عێراق بێتە پەرلەمان ناوەند کێشە بۆ بەشی هەرێم دروست نەکات".
وتیشی، هۆکاری داواکارییەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەگەری زۆر زۆر هەیە بودجەی پێشمەرگە و قەرەبووی کەسوکاری زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێم و ماددەی 140 و پارەی کۆمپانیا نەوتییەکان بکرێنە کارتی فشار بەرامبەر بەهەرێم کوردستان.دوای شکست هێنانی کاربەدەستانی بەغداد لەدابینکردنی ئاسایش و پێشکەش نەکردنی کەمترین خزمەتگوزاری بینیمان لەساڵی ڕابردوودا بەشە بودجەی هەرێم کەلەسەدا 17ی بودجەی عێراقە کردیانە کارتی فشاری سیاسی بەرامبەر بەکورد بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن.
جەختی کردەوە، پێویستە لەسەر کورد بۆ ئەوەی سیناریۆی ساڵی ڕابردوو بەرامبەر بەکورد دووبارە نەبێتەوە لەبودجەی عێراقدا پێویستە ئەو لیژنانەی نێوان هەرێم و بەغداد کاری جددی خۆیان بکەن، پێش ئەوەی بودجەی عێراق لەحکوومەتەوە بگاتە پەرلەمانی عێراق، ئەویش بەوهۆیەی کورد بە58 دەنگەوە ناتوانێ ڕێگر ببێ بەرامبەر بەو دەنگەزۆرەی دژی کورد، کەهەموو ساڵێ 3 کارتی فشار بەرامبەر بەکورد بەکار دەهێنرێ ئەوانیش ماددەی 140، پێشمەرگە، بەشی کورد لەبودجەی عێراق.
ئەشواق جاف دەڵێت"لەساڵی 2007ەوە تا ئێستا حکوومەتی عیراقی بڕی 7 تریلیۆن دینار قەرزاری پێشمەرگەیە، ئەمە جگە لە قەرزاری بابەتی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لەهەرێمی کوردستان کار دەکەن، پێویستیشە لەسەر حکوومەتی عێراق پەلەبکات لەزیادکردنی بودجەی ماددەی 140ی عێراق تاوەکو قۆناغی یەکەمی ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت".
- 28-11-2013