خەندان هێڤی خالید
دوای گەڕانی زیاتر لە 10 ڕۆژی تیمەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی مافی مرۆڤی عیراق و تیمی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، لە چەند ناوچەکی نوگرە سەلمان و دیوانیەو چەند ناوچەیەکی دیکەی عیراق ڕووفاتی 56 ئەنفالی ناوچەی گەرمیان دۆزرانەوەو لە ئێستاشدا لە نەخۆشخانەی شۆڕشن بۆ ئەوەی دوای پشکنینی (دی ئێن ئەی) بە خاک بسپێردرێن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری (خەندان) ئامادەی بوو، ئارام ئەحمەد، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژە، تیمەکانی وەزارەتیان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی مافی مرۆڤی عیراق و تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە چەند ناوچەیەکی بیابانی لە عیراق بەدوای چەند گۆڕێکی بە کۆمەڵدا دەگەڕێن کە پێشتر دەستنیانکرابوون.
وتیشی: "لە دووری 166 کلیۆمەتر کەلە بیابانی سووبەیەوە دوورە، هیچ گۆڕێک لەوێ نەدۆزرایەوە، دواتر لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان لە نزیک سعودیە، گۆڕێک دۆزرایەوە کە ڕووفاتی 21 ئەنفالی تێدابوو، هەروەها لە گۆڕێکی دیکە 17 ڕووفات دۆزرانەوەو لە پارێزگای دیوانییەش چەند ڕووفاتێک دۆزراونەوە کە سەرجەمیان 56 ڕووفاتە".
راشیگەیاند: بەپێی جلوبەرگەکانیان بێت، سەرجەم ڕووفاتەکان کوردن و خەڵکی ناوچەی گەرمیانن، لە ئێستادا ڕووفاتی هەر 56 ئەنفالکراوەکە لە نەخۆشخانەی شۆڕشن لە سلێمانی و دوای ئەوەی پشکنینی (دی ئێن ئەی) یان بۆ دەکرێت لە مەراسیمێکدا بە خاک دەسپێردرێن.
ئەوەشی وەبیرهێنایەوە: لە عیراقدا تا ئێستا دوو هەزار و 100 گۆڕ هەڵدراونەتەوە.
- 28-11-2013