نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عیراق، (یونامی)، ئاماری کوژراوو بریندارانی مانگی ڕابردووی کردە خۆکوژییەکانی ناوخۆی عیراقی بڵاوکردەوەو بەپێی ئەو ئامارە، مانگی ڕابردوو، 659 کەس کوژران و 1373 ی دیکەش برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتێکی یۆنامی، کە خەندان وێنەیەکی دەستخستووە، ژمارەی کوژراوان لەریزی هاوڵاتیانی مەدەنیی، گەیشتۆتە 565 کەس، هەروەک ژمارەی برینداربووان گەیشتۆتە 1186 کەس، جگە لەوەش 49 کەس لەئەندامانی سەربەهێزە ئەمنیەکانی عیراق کوژراون و 187 کەسی دیکەشیان لێبرینداربووە.
نیکۆلای میلادینۆڤ، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعیراق ڕایگەیاند،" لەگەڵ بەردەوامی کردە هەڕەمەکیە تیرۆریستیەکان و ڕشتنی خوێنی هاوڵاتیانی بێدیفاع، ئاستی توندوتیژییەکانی ئەم ماوەیەی ڕابردوو ڕووی لەهەڵکشان کردووە".
بەوتەی میلادینۆڤ، "پێویستە دەسەڵاتدارانی عیراق هەرچی زووە پەلەبکەن لەگرتنەبەری هەنگاوی خێرا بۆ دەستگییرکردنی تاوانباران و گرتنەبەری میکانیزمی توندوتۆڵ بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان".
هەر لەبەیاننامەکەی یونامی ئەوەش خراوەتەڕوو کە،" پارێزگای بەغدا زۆرترین کردە توندوتیژییەکانی تێدا ئەنجامدراوەو ژمارەی قوربانیان لەو پارێزگایە لەمانگی ڕابردوو گەیشتۆتە 623 کەس، کە 224 یان کوژراون و 300 ی دیکەشیان برینداربوون، لە پارێزگای نەینوا، (107 کوژراوو 224 بریندار) و لەپارێزگای سەڵاحەدین، (88 کوژراوو 230 بریندار) و لەدیالە - ش (82کوژراوو151 بریندار) تۆمار کراوە.
کۆی گشتیی کوژراوو بریندارانی هێزە ئەمنیەکانی عیراق، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ڕابردوو، گەیشتۆتە 7157 کوژراوو 952 بریندار.
- 02-12-2013