بەوتەی بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا (2013) لە سلێمانی 155 بەکارهێنەرو بازرگانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.
سلێمانی، ئاوێنەنیوز: لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە سلێمانی بەڕێوەچو، بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لەئاساییشی سلێمانی، عەمید جەلال ئەمین بەگ، ئاماری کاروچالاکییەکانی ساڵی 2013ی هۆبەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی خستەڕو.
عەمید جەلال وتی، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ 155 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەماوە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکراون. ناوبراو وتیشی، عەرەب، فارس، تورک و کورد لەناو ئەو کەسانەدا هەن کە بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەوە دەستگیر کراون.
عەمید جەلال ئەمین بەگ ئەوەشی خستەڕو کە لەو ژماریە توانراوە بە فەرمانی دادوەر 40 کەس لەوانە سزای خۆیان وەربگرن، 40ی دیکەشیان تۆمەتەکەیان لەسەر ساغ نەبووەتەوە، بۆیە بە فەرمانی دادوەر ئازاد کراون، ئەوانەی دیکەشیان لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئەوەشی وت کە دوێنێ سێشەممە، لەبازگەی عەربەت سلێمانی دەستبەسەر نیو کیلۆ تریاکدا گیراوە کە لەلۆرییەکداو لەناو دەبەی ترشیاتدا گوازرابوەوە، بەڵام خاوەنی لۆریەکە ئاگاداری ئەوە نەبووە کە ئەو مادەیەی تێدایە.
عەمید جەلال وتی، ئەو دەبە ترشیاتەی مادەکەی تێدابوە بەکەسێکدا بۆ یەکێکی دیکە نێردرابو کە دواتر توانیمان بەپلانێک ئەو کەسە بدۆزینەوە و دەستگیری بکەین کە هاووڵاتی هەرێمی کوردستان نییە و بیانییە.
04-12-2013