کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە لە نیازی تیرۆریستان لە نانەوەی پشێوی و تێکدانی باری ئەمنی و ژیانی خەڵکی بێتاوان، لەو ڕوانگەوە داوای یەکڕیزی زیاتری لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان دەکەین و پێویستە هەموو لایەک پشتیوانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بن لە ڕووبەرووبوونەوەی باشتری باندە تیرۆریستیەکان و بەردەوامی شایستەتری پرۆژە خزمەتگوزاریەکان.
ئەو ڕووداوەی ئەمڕۆی شاری کەرکووک دەریخست پیلانێکی گەورە لەسەر ناوچەدابڕاوەکانی کوردستان هەیە، بەتایبەتیش دوای دروستکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە، ڕەوشی ئەو ناوچانە نەک هەر باش نەبووە، بەڵکو بەرەو خراپتر دەچێت، ئەمەش بەڵگەی هاوکارینەکردنی هێزە ئەمنیەکانی عیراقە لە پاراستنی سەرو ماڵی پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە.
لەو ڕوانگەیە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگەی کوردستان بباتە ئەو ناوچانە بۆ ڕێگەگرتن لە پەلاماری نەیاران و ڕەواندنەوەی دڵە ڕاوکێی خەڵکی کەرکووک و خورماتوو و سەعدیەو ناوچە داڕێنراوەکانی تری کوردستان.
فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان وێڕای دەستخۆشی لە هێزە ئازاکانی کەرکووک و هاوکارانی تری ئەمنی لەهەرێمی کوردستان کە بەهانای خەڵکی کەرکووکەوە ڕۆیشتوون، بە پێویستی دەزانین ئەم هەڕەشەیە بکرێتە وێستگەی پلانێکی تۆکمە لەلایەن هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسی و هێزە نیشتمانیەکانەوە، بۆ ئەوەی دۆخەکە بە جۆرێک بپارێزرێت بە یەک لیستی و یەکریزی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن لەپێناو نزیکردنەوەی هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
هەوڵە خێراکانی هێزو لایەنە بەرپرسەکانی کەرکووک دەریخست کە ئەوە هێزە کوردستانیەکانن کە زۆر بە پەرۆشەوەو ڕاستەوخۆ ڕووبەرووی تیرۆرو تیرۆرستان بوونەوەو پارێزەری ڕاستەقینەی خەڵکی کەرکووک و پەرۆشی ئارامی و ئاسایشی شارەکەن.
سڵاو بۆ ڕۆحی شەهیدانی دەستی تیرۆر
هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لەپەرلەمانی کوردستان
04-12-2013