لە درێژەی کۆبوونەوە هاوبەشەکان، ئەمڕۆ 05-12-2013، هەردوو لیژنەی تایبەت بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و ئەم بابەت و تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆکران و بڕیاری تایبەتیان لەبارەوە درا: یەکەم/ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوانیان دەستکەوتی گەورەیان بۆ گەلی کوردستان بەدیهێناوە، ڕاگرتن و پابەندبوونی هەردوولا بەم هاوپەیمانێتیە بۆ پتەوکردنی حکومەتی هەرێم و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان و برەودان بەبەرنامەی چاکسازی و گەشەپێدان بە ڕەچاوکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 21-09-2013، لە ئەولەویەتی کارەکاندابێت. دووەم/ یەکێتی و پارتی، پشتیوانی پێکهێنانی حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی دەکەن لە پێناو زامنکردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێم و گەشەپێدانی حکومڕانی کوردستان بە شێوازێکی سەردەمیانە. سێیەم/ کۆبوونەوە، هەوڵ و کۆبوونەوەکانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی کوردستان بۆ زەمینەخۆشکردنی پێکهێنانی کابینەی هەشتەم و، بۆ ڕەچاوکردنی پاراستنی یەکڕیزی نێوماڵی کوردستانی و تەبایی و یەکتر قبوڵکردن، بەرز دەنرخێنێت. چوارەم/ سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی عێڕاقی، لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کۆبوونەوە، هەماهەنگی و یەکهەڵوێستی و یەک لیستی بە پێویست دەزانێت لە نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، بۆیە کۆبوونەوە جەخت لە پێکهێنانی لیستێک لە هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەکاتەوە. پێنجەم/ سەبارەت بە ڕووداوەکەی دوێنێی شاری کەرکووک، کۆبوونەوە ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیانە دەکات و دەستخۆشی و پاڵپشتی لە هێزە ئەمنییەکانی شاری کەرکووک کرد بۆ ڕووبەڕووبونەوە و پۆچەڵکردنەوەی بەرنامە و پیلانە گڵاوەکانی دوژمنان، لە هەمانکاتدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە دەکات و هیوای زووچاکبوونەوە و تەمەندرێژی بۆ بریندارەکان دەخوازێت. ئەمانە و، کۆبوونەوە بڕیاریدا کۆبوونەوە هاوبەشەکان بەردەوامدەبن.
لیژنەی تایبەتی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان
05-12-2013