قایمقامی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی ئه و گەنجانەی لەسنوری ناوچەکەیان بەناوی "جیهادکردن" بۆ سوریا ڕۆیشتون لەنێوان 30 بۆ 40 گەنجن و لەنێویشیاندا ژمارەیەکیان گەڕاونەتەوە.
یاسین محەمەد، ئاوێنەنیوز: لەسەروبەندی ئاڵۆزبونی بارودۆخی سوریا، چەندین گروپی جیهادی له و وڵاتەدا خۆیان ڕاگەیاندوە، لەهەرێمی کوردستانیش ژمارەیەک گەنج پەیوەندیان به و گروپانەوە کردوه و تائێستاش چەند گەنجێکی کورد لەبەرەکانی جەنگدا کوژراون.
قایمقامی قەزای هەڵەبجە، گۆران ئەدهەم، ئەمڕۆ سێشەممە بەئاوێنەنیوزی ڕاگەیاند، ئه و کەسانە بەناوی گەشتیارەوە دەچنە تورکیا و لەوێشەوە ڕودەکەنە سوریا. وتیشی، لەونێو ئه و گەنجانەی تائێستا لەسنوری قەزای هەڵەبجە چونەتە سوریا 14 یان گەراونەتەوە و حەوتیشیان کوژراون.
پێشتر هەفتەنامەی ئاوێنە لەسەر زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، لەماوەکانی ڕابردودا دو گەنج لەقەزای سۆران و سێ گەنجی قەزای چۆمان لەگەڵ خێزانەکانیان بەمەبەستی جەنگ لەپێناو خودا (جیهاد)، خۆیان گەیاندوەتە سوریا.
سەبارەت بەوەی کێ هانی گەنجان دەدات، گۆران ئەدهەم، وتی، تائێستا هیچ لایەن و کەسێکی دیاریکراو نیە کە هاندەری ئەوان بێت بۆ ئه و کارە.
بەشێک له و گروپانەی کە لەسوریا دروستبون، جگە لەشەڕکردنیان لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد، زۆربەی کاتیش لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) کە باڵی سەربازی پەیەدەی نزیک لەپەکەکەیە، ڕوبەرو دەبنەوە، به و هۆیەوەش ژمارەیەکی زۆری چەکدار لەنێوان هەردولا کوژراون.
لە 2ی ئەم مانگە ئاسایشی سلێمانی لەرونکردنەوەیەکدا ئاشکرایکرد، بەپێی زانیارییەکان (63) گەنج ڕۆشتونەتە ناو هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان لەسوریا و له و ژمارەیەش تائێستا 16 کەس بەتۆمەتی "تیرۆر" دەستگیرکراون و ڕوبەڕوی دادگا کراونەتەوە.
- 10-12-2013