فوئاد قەرەداغی کوڕی شێخ ئەنوەر کوڕی زانای ئاینی شێخ عومەری قەرەداغی ناسراو بە ئیبنولقەرەداغی - یە، ساڵی 1945 لە گەڕەکی (دەرگەزێن) ی سلێمانی لەدایکبووه.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووه.
ساڵی 1963 خانەی مامۆستایانی سلێمانی بە پلەی یەکەم بڕیوە
ساڵی 1977 بەشی (پەروەردەو سایکۆلۆژیی) لە کۆلیجی ئادابی (الجامعة المستنصرية) تەواوکردووەو بە پلەی دووەم بەکالۆریۆسی لە (کارگێڕی و سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی) دا هێناوه.
لەنێوان 1963 و 1978 دا مامۆستای سەرەتایی بووە لە قوتابخانەکانی (خالیدییە لە هەولێر، قەندیل لە قەڵادزێ، زێوەرو سەرشەقام و بادینان و تانجەرۆ لە سلێمانی، قەرەداغی سەرەتایی لە شارۆچکەی قەرەداغ، ئەندەلوس لە دیوانییە، ئەربدو ئیبن زوبەیرو ئیبن ڕوشد لە بەغدا.
لە نێوان 1978 و 1998 دا لە بەڕێوەبەرێتی ئامادەکردن و ڕاهێنانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و دواتر هەولێر، سەرپەرشتیاری هونەریی بووە.
لەم ساڵانەدا جگە لەوەی بەڕێوەبەری دەیان دەورەی ڕاهێنانی ماموستایان بووە، لە سەد دەورە زێتردا، وانەکانی ئیدارەو پەروەردەو سایکۆلۆژیی گوتۆتەوه.
لە نێوان ئەیلولی 2000 و شوباتی 2002 دا سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بووە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا.
دوای وازهێنانی لە سەرۆکایەتی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان تا خانەنشینکردنی، لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیدارەی سلێمانی ڕاوێژکاری پەروەردەیی بووە.
لە بواری سیاسەتدا کاریکردووەو لەم حزب و ڕێکخراوانەدا بەرپرسیارێتی هەبووە: (یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، یەکێتیی نووسەرانی کورد، کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستان، ڕێکخراوی مارکسی لێنینی شیوعییەکانی عێراق)، دوا کاری سیاسیشی هەڵسووڕان بووە، وەک ئەندامی دەستەی باڵا، لە ڕیزەکانی (بزووتنەوەی بەرەو ڕیفراندۆم) دا.
لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، وەک نووسەر و ئەندامی دەستەی نووسەران، بەشداریی نووسین و دەرکردنی ئەم بڵاوکراوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان (باڵی مەکتەبی سیاسی) و یەکێتیی مامۆستایانی کوردستانی کردووه : (چەکی خەبات، ڕەنج، ڕابەر، بروسکە، ئامانج، هەڵمەت).
ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (رووناکی) ی پاشکۆی ڕۆژنامەی (النور) بووه.
ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (رزگاری) بووە کە ساڵی 1969 و 1970 لە سلێمانی دەردەچوو.
دوای ڕاپەڕین (1994 – 1998) لە گۆڤاری (دواڕۆژ) دا سکرتێری نووسین بووە.
لە نێوان تشرینی یەکەمی 1995 و ئابی 1996 دا لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) دا، سەرپەرشتیی لاپەڕەی (پەروەردەی نوێ) ی کردووه.
لە حوزەیرانی 1999 وە هەتا ئەیلولی 2000، سەرنووسەری ڕۆژنامەی (هەرێمی کوردستان) بووە.
لە ساڵی 2004 وە خانەنشینە.