ناوی تەواوی کەمال عەبدولکەریم محەمەد فوئادە، ساڵی 1932 لە شاری #سلێمانی# لە بنەماڵەیەکی دێرینی ئەو شارە کە بەڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر بنەماڵەی بابان لەدایکبووە، لە تەمەنی 15 ساڵیدا بەهۆی بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازانەیدا پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی پارتی کۆمۆنیستی ئێراقەوە دەکات.
ساڵی 1952 بە مەبەستی خوێندن لەکۆلێجی ئەندازیاری سلێمانی بەرەو شاری بەغدا بەجێدێڵێت. دوای ماوەیەک بەهۆی چالاکییەکانییەوە دەستگیر دەکرێت و 2 ساڵ زیندانی دەکرێت.
ساڵی 1954 لە زیندان ئازاد دەکرێت و دەبێت لێپرسراوی ڕێکخستنەکانی پارێزگای سلێمانی لقی کوردستانی پارتی کۆمۆنیستی ئێراق.
دواتر واز لەپارتی کۆمۆنیستی ئێراق دەهێنێت و دەچێتە ناو ڕیزی #پارتی دیموکراتی کوردستان# کە ئەو کات برایم ئەحمەد ڕابەرایەتیی دەکرد.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2013/87172/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=کەمال فوئاد=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2013/87172/0001.JPG=KTML_Photo_End=
دواتر کوردستان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە سووریا و لەوێشەوە بۆ ئەڵمانیای ڕۆژاوا دەڕوات. لەئەڵمانیا خوێندنی زانکۆ تەواو دەکات و ماستەرنامە لەسەر فۆنیمەکانی زمانی کوردی لە زانکۆی هامبۆرگ وەردەگرێت. پاشانیش تێزێکی ئەکادیمی سەبارەت بەدەستنووسە کوردییەکان پێشکەشی زانکۆ دەکات و بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێت.
ساڵی 1971 بۆ بەغدا دەگەڕێتەوە و بەشی زمانی کوردی لەکۆلێجی ئەدەبیاتی بەغدا دادەمەزرێنێت و ماوەی ساڵێک لەوێ دەمێنێتەوە. دواتر دەگوازرێتەوە بۆ زانکۆی سلێمانی و لەوێ لقی بەشی زمانی کوردیی دەکاتەوە. تا ساڵی 1974 خۆی سەرپەرشتیی ئەو بەشە دەکات و خۆیشی بەشێکی زۆری وانەکانی ئەو بەشەی دەڵێتەوە.
ساڵی 1974 دوابەدوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەنێوان کورد و حکومەتی ئێراق وازی لەوانەوتنەوە دەهێنێت و پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات، ساڵی 1975 دوای هەرەسهێنانی شۆڕش، دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا. هەر لەو ماوەیەدا پشتگیری لەهەوڵەکانی سەرۆک #مام جەلال# دەکات کە لەو کاتەدا سەرقاڵی دامەزراندنی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# دەبێت و وەک ئەندامی دامەزرێنەر ڕۆڵێکی بەرچاو لە دامەزراندنی یەکێتیی دا دەگێڕێت. هەر ئەویش دەبێت کە بەیاننامەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئەڵمانی و لەئەڵمانیا بڵاویدەکاتەوە.
ساڵی 1977 لەیەکەمین کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتیی لە ناوچەی برادۆست لەسەر لیستی هێڵی گشتی بۆ ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێت.
لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیی لە ساڵی 1992 دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی و هەر لەو ساڵەدا دەبێت بە ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان لەسەر لیستی سەوز و لەپەڕڵەمان دەبێت بە سەرۆکی فراکسیۆنی سەوز. لە ساڵی 1997 پاش درووستبوونی ئیداری سلێمانی دەبێت بەجێگری سەرۆک وەزیران.
لە کۆنگرەی سێیەمی یەکێتی لە ساڵی 2010 بەهۆی نەخۆشییەوە خۆی بۆ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی ناپاڵێوێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا و لە ساڵی 2014 کۆچی دوایی کردووە.
کەمال فوئاد چەندین پەرتووکی لەبارەی زمانی کوردی لە دوای خۆی بەجێدەهێڵێت.[1]