رووبەرنێت - ئومێد پشدەری / بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر ڕایگەیاند، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا 2743 کەسیان بە تۆمەتی جیاجیا لە هەولێر و دەوروبەری قۆڵبەست کردووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر ڕائید سەران لەتیف نەجم، ئاشکرای کرد کە لە شەش مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر توانیویانە 2743 کەس بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیر بکەن و ڕادەستی شوێنی پەیوەندیداریان بکەن.
ڕائید سەران هەروەها ڕوونیشی کردەوە کە هێزەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا چەندین کێشەیان کۆنتڕۆڵ کردووە کە لە لایەن هاووڵاتیانەوە ڕوویان داوە وەک کۆنتڕۆڵکردنی کێشەی خێزانی و دەستبەسەرداگرتنی چەندین چەک کە لە کێشەکاندا بەکار هێنراون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی هەولێر، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە پۆلیسی فریاکەوتن لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا وێڕای ئەوەی چەندین کەسیان دەستگیر کردووە کە لە لایەن دادگاکانەوە داوا کراون، هاوکات دەستیان بەسەر چەند ئۆتۆمبێلێکیشدا گرتووە کە سەرپێچیی یاساییان ئەنجام داوە و لە لایەن فەرمانگەکانی میرییەوە داوا کراون.
سەران لەتیف هەروەها ئاماژەی دا کە هێزەکانیان جگە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی سەرشانیان، بەشداری لە هەڵمەتی خوێنبەخشیندا دەکەن و کۆمەکی ئەو هاووڵاتیانەش دەکەن کە نەخۆشن و بۆ نەخۆشخانەکان دەیانگوازنەوە، ئەمە جگە لەوەی کە لەو شەش مانگەدا چەندین منداڵیان دۆزیوەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کردوون.
نێت - 14-11-2013