بەپێی بڕیاری دادگای تورکیا قەدەغە لە سەر کتێبەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان و نازم حیکمەت و چەندین نووسەر و سیاسەتمەداری دیکە هەڵگیرا.
یاسای قەدەغەکردنی کتێب و ڕۆژنامەکان لە تورکیا، ساڵی 1952 دەرچووە و بە هۆیەوە بیست و دوو هەزار و 600 کتێب، ڕۆژنامە و بڵاوکراوە لە لیستی قەدەغە کراوەکان دەرهێنران.
لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایەدا، قەدەغەی سەر دوو هەزار و 221 کتێب لە نێوانیاندا کتێبەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان، نازم حیکمەت، دورسون کاراتاش، یاڵچین کوچەک، دۆغو پەرینچەک و ئایەتوڵا خومەینی قەدەغەیان لەسەر هەڵگیرا.
لە چوارچێوەی سێیەمین پاکێجی دادوەریی دا، 11ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2011 مادەیەک لە سەر یاسای ڕاگەیاندن زیاد کرا و ئەو مادەیە لە پێنجی تەممووزی ساڵی 2012 خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
بۆ ئامادەکردنی ئەو یاسایە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیەتی تورکیا هەوڵێکی زۆریدا، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵدانانەدا یەک بە یەکی کتێب، ڕۆژنامە و بڵاوکراوە قەدەغەکراوەکانی هەڵسەنگاند.
دوای پەسەندکردنی ئەو یاسایە نامەیەکی لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەو کتێبانە ئاراستەی دامودەزگا ئیداریی و دادوەرییەکان کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیەت هەموو ئەو تۆمارانەی کە لە ساڵی 1952 تا ئەمڕۆ هەڵیگرتبوون، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری قەدەغەکردنی کتێب و ڕۆژنامەکان، لەگەڵ لیستی ناوی 23 هەزار کتێب، ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی ئاراستەی دادگاکان کرد و ئەوەی لێ پرسین ئایا لە بارەی ئەو کتێب، ڕۆژنامە و بڵاوکراوانە بڕیارێکی نوێ هەیە یا نا؟.
دوای هەڵسەنگاندنی نامە و لیستەکەی ئەمنییەت لە لایەن بەشی تاوانی ڕاگەیاندن لە دادگای باڵا، دادگایش ئاماژەی بەوەدا لەو 23 هەزار کتێب، ڕۆژنامە و بڵاوکراوانەدا قەدەغەی سەر 402 کتێب، ڕۆژنامە و بڵاوکراوە بەردەوامە، بەڵام قەدەغەی سەر 22 هەزار و 600 کتێب، ڕۆژنامە و بڵاوکراوە هەڵوەشێنراوەتەوە.
لە چوارچێوەی یاسای قەدەغەکردنی کتێب، ڕۆژنامە و بڵاوکراوە دوو هەزار و 336 کتێب قەدەغە کرابوون، بەڵام دادگا بڕیاری دەرکرد کە قەدەغەی سەر 115 کتێب بەردەوامە و ئەوانەی دیکەیان سەربەستن.
لە نێو ئەو کتێبانەی قەدەغەیان لەسەر هەڵگیرا، سێ کتێبی عەبدوڵڵا ئۆجالان، نووسراوە گوڵبژێرەکانی دورسون کاراتاش، کتێبێکی عەبدولرەحمان کاراکۆچ، کتێبێکی یاڵچین کوچەک، کتێبێکی نازم حیکمەت، کتێبێکی ماهیر چایان، کتێبێکی دۆغو پەرینچەک و کتێبێکی سەید قوتب.
زۆربەی ئەو کتێبانە لە سەردەمی 1980 قەدەغە کرابوون.
- 24-12-2013