دوو هەفتە لەمەوبەر ئەرکی سازکردنی یەکەم کۆنگرەی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران لەلایەن جڤاتی نیشتیمانیەوە ڕوبەروی لیژنەیەکی ئامادەکار کرایەوە کە لە 13 ئەندام پێک هاتبون.
ئەرکی سەرەکی لیژنەی ئامادەکار بریتی بوو لە دەستنیشانکردنی 5 لیژنەی تایبەت بۆ هەریەک لە بوارەکانی بەرنامەی سیاسی ڕێنمایە بنەرەتیەکان،ژورەکان، فراکسیۆنەکان،راگەیاندن.
کاری ئەم لیژنە تایبەتانە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی کاری سیاسی بزوتنەوەکە لەو بوارانەدا بۆ ماوەی 4 ساڵی کاری بزوتنەوەکە و پێشنیار کردنی ڕاسپاردە و ڕێنمایی بۆ ساڵانی داهاتوی کاری بزوتنەوەکە.
هەر یەک لەو لیژنانە کە لە چەندین ئەندامی ئەکادیمی و پسپۆر و شارەزا پێک هاتبوون لەسەر بنەمای وەرگرتنی ڕاپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ماوی دوو هەفتە و ڕۆژانە بە بەردەوامی سەرقاڵی ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆرتانە بون کە دواتر بە چاپکراوی خرانە بەردەستی ئەندامانی کۆنگرە.
بۆ ئامادەکردنی ئەو ڕاپۆرتانە لیژنەکان بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ ڕاوێژکاری چروپریان لەگەل خەڵکانی پسپۆر و خاوەن ئەزمون لە دەرەوە و ناوەوەی بزوتنەوەکە ئەنجامداوە.
لیژنەی ئامادەکار لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا لە کۆبونەوەی بەردەوامدا بوو، کە زیاتر لە 100 کاتژمێری خایاندوە، سەرپەرشتی کاری لیژنەکان و هەلبژاردن و لیستی ناوی ئەندامانی کۆنگرە و لایەنی کارگێری و لۆجستی و ڕاگەیاندنی لە ئەستۆ بوە.
دوێنی 26-12-2013 لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا یەکەم کۆنگرەی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد.
سەرەتا وتاری لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە لە لایەن سەرۆکی لیژنەکەوە پێشکەشکرا، دوا بەدوای ئەوە وتاری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەکە لە لایەن بەریز ڕێکخەری گشتیەوە پیشکەش کرا کە تیایدا تیشکی خستە سەر کار و چالاکی بزوتنەوەکە و چوارچێوە و تێروانینێکی نوێی بۆ کاری ئایندە پێشنیار کرد.
دوای ئەوەی لیژنەی ئامادەکار کارەکانی خۆی کۆتایی پێهێنا دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرە لە لایەنی ئەندامانی کۆنگرەوە متمانەی پێبەخشرا.
یەکەم ئەرکی دەستەی سەرۆکایەتی بریتی بوو لە دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە بەسەر 5 کۆنفرانسی تایبەتدا کە بریتی بون لە کۆنفرانسەکانی(راگەیاندن، ڕێنماییە بنەرەتیەکان، بەرنامەی سیاسی،ژورەکان، فراکسیۆنەکان)،هەروەها دروستکردنی لیژنەی سکاڵا بۆ سکاڵاکانی ئەندامانی کۆنگرە.
لەو کۆنفرانسانەدا لیژنەی ئامادەکاری ڕاپۆرتەکان هەڵوەشینرانەوە و لیژنەی نوێ بۆ سەرپەرشتی کردنیان لە لەلایەن ئەندامانی کۆنفرانسەکانەوە هەڵبژێڕدران.
لەم کۆنفرانسە تایبەتانەدا ڕاپۆرتە ئامادەکراوەکان جارێکی تر خرانە بەر باس و لێکوڵینەوە وگفتوگۆی چر و پڕ و بە بیرورای ئەندامان گۆرانکاریان تێداکراو دەوڵەمەند کران.
گفتۆگۆکانی ناو کۆنفرانسەکان تا درەنگانی شەوی ڕابردوو و بەیانی ئەمرۆ بەردەوام بون و لە ئەنجامدا ئەم ڕاپۆرتانە بەرهەم هاتن لە کە لەبەرنامەی کاری دوەم ڕۆژی کۆنگرە خوێنرانەوە و لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە پەسەند کران.
لە هەردوو ڕۆژی کۆنگرەدا لیژنەیەکی تایبەت بە سکاڵا دەرگای واڵابوو لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرە بۆ تاوتوێکردنی هەر گلەیی و سکالایەک و ئەنجامدانی بەدواداچونی پێویست بۆیان.
وتەبێژی کۆنگرە کە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی کۆنگرەوە ئەو ئەرکەی پێسپێردرا بوو لە هەردوو ڕۆژی کۆنگرەکەدا جیا لە ئەنجامدانی 2 کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی بە بەردەوامی لە پەیوەندیدا بوە لەگەڵ میدیاکاندا.
یەکەم کۆنگرەی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران، وەک چۆن لە بواری بەرنامەی سیاسی و دەستور و ژورەکان و فراکسیۆنەکان و کاری ڕاگەیاندن هەڵسەنگاندنی وردی بۆ 4 ساڵی ڕابوردوو ئەنجامداوە لەهەمان کاتدا لە ڕێگای ڕاسپاردەکانیەوە نەخشە ڕێگای کارکردنی سالانی داهاتوی دارشتوە.
ئەم کۆنگرەیە مۆدێلێکی نوێێ سەرکەوتوبوو لە کۆنگرەی حیزبی و شیوازێکی گونجاو بوو بۆ بەشداری پێکردنی ئەندامان و هەڵسوراوان لە دەستنیشانکردنی ئاراستەی سیاسی بزوتنەوەکە.
بەو ئومێدەی کە کار و چالاکی داهاتوی بزوتنەوەی گۆران بەرجەستەکردنی دروشمی کۆنگرە بێت کە بریتیە لە (بەرەوە بە نیشتیمانیکردنی دامەزراوەکان و حکومەتی هاوڵاتی).
دەستەی سەرۆکایەتی یەکەم کۆنگرەی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران
27-12-2013
هەولێر