لەسەر سکالای خانەوادەی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی وبە تۆمەتی تیرۆرکردنی کوڕەکەیان، دادگای بەرایی کەلار لە ڕۆژی (19\12\2013) بەپێی مادەی (406) لەیاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ مەحمود سەنگاوی دەرکردوە، لەگەڵ ئەوەی ناونیشان و شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبارەکە دیارە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەکراوە و خۆشی نەچۆتە بەردەم دادوەر. لەسەر ئەمەش لێدوان و بیانوی جیاجیا چ لەلایەن تۆمەتبارەکە و چ لەلایەن یەکێتی نیشتمیانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە لە ڕێی میدیاکانەوە گوێبیست دەبین.
ئێمە لە سەنتەری کورد-ئەمریکا، نیگەرانین لەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ بڕیاری دەستگیرکردنی تۆمەتباری تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی دا بکات، هەروەها نیگەرانیشین بەهەر بیانوێکەوە بێت، یەکێتی نیشتیمانی تەگەرە بخاتە بەردەم دەستگیرکردنی مەحمود سەنگاویەوە، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیانە، بیانوی بەدەستنەگەیشتنی بڕیاری دادگاش بە تۆمەتبار، بیانوێکی بێبنەمایە و وەک هەڵاتن لە یاسا حسابی بۆ دەکەین، چونکە دەقی بڕیارەکە سەرباری ناردنی بۆ تۆمەتبار، هاوکات لە زۆربەی میدیا نێوخۆیەکانیشدا بلاوکراوەتەوە.
دەستگیرنەکردنی تۆمەتباران و دادگایی نەکردنی بکوژانی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی، بەر لە هەرشتێک بێبایەخکردنی یاسا و دەسەڵاتی دادوەریە لە هەرێمی کوردستان، هاوکات پێشێلکاریەکی گەورەی ئازادی کار و سەلامەتی ڕۆژنامەنوسان و ئازادی بیرورادەربڕینە، ئەمەش لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ بەشێوازێکی خراب بەسەر حکومەتی هەرێم و لەنێو حزبە سۆسیال دیموکراتەکانیشدا بەسەر یەکێتی نیشتیمانیدا دەشکێتەوە.
ئێمە لە سەنتەری کورد- ئەمریکا، ڕایدەگەیەنین، لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ئاگادارکردنەوەی ناوەندە بڕیاربەدەستە نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانی ڕۆژنامەوانی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕا دەربریِن، لە تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی و هەموو فشارێکیش دەگرینەبەر بۆ دادگایی کردنی پلاندانەر و بڕیاردەر و بکەری تیرۆرکردنەکە لەبەردەم دادگایەکی سەربەخۆی ناوەخۆ یان دەرەکیدا.
لەگەڵ ئەوەی سەنتەری کورد – ئەمریکا پێشتر تەواوی ناوەندو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی جیهانی لەدۆسیەی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی ئاگادار کردەوە، ئێستاش لەپەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هەریەک لەڕێکخراوەکانی "هیومان ڕایتس ۆچ "HRW"، کۆمیتەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنوسان "CPJ"، ڕێکخراوی ئەمنیستی ئەنتەرناشناڵ"AMNESTY"، و ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور"RSF"، پەیمانگای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی "IPI" و چەندیدنی تریش، بەدەنگەوە هاتنیشیان بۆ بانگەوازی سەنتەرەکەمان لە ئەمریکا، جێی ئومێدە و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا کاردانەوەی ئەو ناوەند و ڕێکخراوانە دژ بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی و دەستگیرنەکردنی تۆمەتباران و دادگایی نەکردنیان ڕابگەیەنرێت.
بەو هیوایەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران و داواکاری گشتیش، ڕۆڵی ئیجابیانە و بەرپرسیارانەی خۆیان لە بێلایەنی لێکۆڵینەوەکان و سەربەخۆیی دادگا و پرۆسەی دەتسگیرکردنی تۆمەتباراندا ببینن، بەر لەوەی لە ژێر فشاری نێودەوڵەتیدا ئەم داوایەیان لێبکرێت، یان دۆسیەکە بگاتە (راپۆرتی خولی گشتگیر) کە بڕیارە لە مانگی مارسی داهاتودا لە شاری ژنێف بە ئامادەبوونی زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان نمایش بکرێت.
سەنتەری کورد - ئەمریکا بۆ ئازادی ڕادەربڕین (K.A.C.F.E)، سەنتەرێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە، لەلایەن نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی کورد لە هەرێمی ڤێرجینیای ئەمریکا دامەزاروە، ئامانج لەکارەکانی ئەم سەنتەرە بەرگریکردنە لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی و گەیاندنی هەر پێشێلکاریەک دژ بە تاکی کورد لەو ڕوەوە بە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، ئەم سەنتەرە لەلایەن چەند ناوەندو ڕێکخراوێکی ئەمریکی و نێودەوڵەتی پشتیوانی دەکرێت.
سەنتەری کورد-ئەمریکا بۆ ئازادی ڕادەربڕین (K.A.C.F.E)
ڤێرجینیا – ئەمریکا
26\ 12\ 2013