هەرێمی کوردستان خاوەنی زیاتر لە 60 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، بەڵام بەهۆی کەمی پشکنینەکانەوە نەتوانراوە هەموو بڕە پشتڕاست بکرێتەوە، تەنها 45 ملیار بەرمیل نەوتی پشتڕاستکراوەتەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی ئابووری هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، ساڵی 2020 حکومەتی هەرێم دەتوانێت دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات.
د. بێوار خەنسی، ڕاوێژکاری ئاسایشی ئابووری هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ بەشی کوردی ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: "ئەگەر کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت و غاز ڕووپێوی زیاتر بۆ نەوت و غازی هەرێم بکەن، پێشبینی دەکەین یەدەگی نەوت بۆ زیاتر لە 60 ملیار بەرمیل بەرزببێتەوە، ئەگەر لەئایندەدا کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکەی نێوان عیراق و هەرێم بگەڕێنەوە سەر ئیدارەی هەرێمی کوردستان، یەدەگی نەوت بۆ دوو هێندە بەرز دەبێتەوە".
خەنسی کە بەیەکێک لە دیارترین شارەزا جیۆلۆجییەکانی نەوت و غازی هەرێم دادەنرێت و بەشێک لەپسپۆڕییەکانی لەزانکۆکانی هۆڵەندا تەواوکردووە، لەمبارەیەوە دەڵێت: "ژمارەی کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت و غاز ئەوانەی لە هەرێم کاردەکەن 52 کۆمپانیایە، بە ڕووپێوی جیۆلۆجی و جیۆفیزیایی و پێکهاتەی جیۆلۆجی و ستراتیگرافی و هەڵسەنگاندنی ئەمباری نەوت، گەیشتوونەتە ئەوەی کە یەدەگی نەوتی هەرێم 45 ملیار بەرمیل دەبێت و ئەمەش ئەنجامی کارکردنی پێنج ساڵمانە."
خەنسی پاساوی زانستیشی بۆ شیکردنەوەکانی دە هێنێتەوە و بەبێ دوودڵی وتی: "ئه و کۆمپانیایانە بەقوڵایی سێ هەزار و 700 مەتر بەدوای نەوتدا دەگەڕێن و دەریدە هێنن، بەڵام گەر لە قوڵاییەکی زیاتر لێگەڕان ئەنجام بدرێ ئەوا ڕێژەیەکی زیاتری نەوت لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێم دەدۆزرێتەوە و پێشبینی دەکەم هەرێم زیاتر لە 60 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی هەبێت".
ئه و پسپۆڕە جیۆلۆجییە لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: "لە هەرێمی کوردستان لەکۆی 46 بلۆکی نەوتی، ئێستا کۆمپانیا بیانییەکان لە 14 کێڵگەدا نەوت بەر هەم دەهێنن کە ڕۆژانە دەتوانرێت 300 هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنرێت".
باس لەوەش دەکات کە بە هاتنی ساڵی 2020 هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئاستی بەر هەم هێنانی نەوت بۆ دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە.
ئه و قسانەی خەنسێ لەکاتێکدایە کە چوارشەممەی ڕابردوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم لەناویاندا دۆسییەی نەوت و غاز، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا لەگەڵ مالیکیدا کۆبوەوە و دواتر هەردوولا ئاشکرایانکرد کە لەسەر ئه و دۆسیە گەیشتونەتەوە ڕێککەوتنێک.
راوێژکاری ئاسایشی هەرێم لە بارەی بۆریی گواستنەوەی نەوت و غازیشەوە دەڵێ، تورکیا هاتووەتە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە نەوتییەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێم و چاوەڕوان دەکرێت چارەسەر ببێ و وتی: "پاش سەرکەوتنی ڕاکێشانی بۆڕی یەکەمی گواستنەوەی نەوت و غاز، ئێستا حکومەتی هەرێم کار بۆ ڕاکێشانی دوو بۆریی دیکە بۆ تورکیا دەکا کە یەکێکیان بۆ هەناردەکردنی نەوت و ئەوی دیکەشیان بۆ غاز دەبێت، پاش ئەوەی دەدرێتە کۆمپانیاکان، لە ساڵی 2016 ڕاکێشانی ئه و بۆرییانە تەواودەبێت."
بێوار خەنسی ئەوەشی گوت کە هەرێمی کوردستان جگە لە نەوت، لە غازیشدا دەوڵەمەندە کە ئەوەی مەزەندەکراوە سێ تا شەش ملیار مەتری سێجا غازی هەیە و وتی: "هەرێمی کوردستان ڕۆڵی لە هێڵی نابۆکۆ دەبێ بە دابینکردنی بڕێکی باشی غازی سروشتیی بۆ ئەوروپا."
بێوار خەنسی ئاشکراشیکرد تا ئێستا حکومتی هەرێم 52 گرێبەستی نەوت و غازی لەگەڵ زیاتر لە 27 کۆمپانیای بیانی لە 27 وڵات ئیمزاکردووە.
- 28-12-2013