لەماوەی زیاتر لە 40 ساڵی ڕابردوی مێژوی دروستکردنیدا، ساڵی 2013 زۆرترین جار هێڵی بۆری گواستنەوەی نەوتی کەرکووک- جەیهان ڕوبەڕوی هێرش بۆتەوە.
کەرکووک، ئاوێنەنیوز: سایتی کەرکووک ناو لەزاری سەرچاوەیەک لەکۆمپانیای نەوتی باکورەوە بڵاویکردۆتەوە کە لەئەمساڵدا (2013) لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە زیاتر لە 54 جار هێرشکراوەتەسەر بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
ئەو سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوەکەی بڵاوبکرێتەوە وتویەتی، زوربەی ئەو هێرشانەی کە لە ئەمساڵدا کراونەتە سەر بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت کەرکووک – جەیهان لەناو خاکی عێراقدا بون و بەتایبەتیش ناوچەکانی (عەین جەحش)، (فەتحە) و (بێجی)، هەروەها لەناوچەکانی (شوری) و (حەزەر) لەسەر ڕێی موسڵ.
ئاماژەی بەوەشکرد، چوار هێرش لەنێو خاکی تورکیا ڕویانداوە، ئەو ژمارە هێرشەش کە لەمساڵدا ڕویانداوە زۆرترین ڕێژەی هێرشە بۆسەر هێڵی کەرکووک-جەیهان لەو کاتەوە کە لەساڵی 1973 دا دروستکراوە.
ئاشکرایکرد، بەهۆی زۆری هێرشەکانەوە، لەم مانگەدا 350 پۆلیس بۆ پاراستنی بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت دامەزرێنراون.
- 30-12-2013