بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان..
بەڕێزان کابینەی نوێێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا.. سڵاو..
ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی کە ڕێکخراوێکی یاسایی یەو ناوەندێکی خێرخوازو بێ لایەنە بۆ پێکەوە ژیان و پشتگیری و یارمەتی کۆمەڵایەتی، بارەگاکەی لە شاری کۆلنی ئەڵمانیایە. کارکردنمان بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و کلتوری و ڕوناکبیرییە لەگەڵ گشت گەلانی جیهاندا.
ئامانجمان هەنگاونانە بەرەو لۆبی کوردی و بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی لە پێناوی بەرەوپێشچوونی مافە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد.
لەم هەل و ساتانەی گەلەکەمانی پیادا تێپەڕ دەبێت، بەئەرکی خۆمانی دەزانین کە حکومەتی هەرێم لەم چەند خاڵانەی خوارەوە ئاگادار بکەینەوە :
1. ناوبانگی هەرێمی کوردستان
لەکاتێکدا ئازادی ڕۆژنامەوانی لە مەترسیدایە ئەمە زیانێکی ئێجگار گەورەی هەیە لەسەر ناوبانگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوبانگی گەلی کورد بەگشتی لەسەر ئاستی جیهان.
ئێمە لەگەڵ ئەوەی دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێم دەکەین کە دەستبەجێ ئیدانەی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەوانانی کردو هەنگاوی نا بە دەستگیر کردنی هەندێ لەوانەی کە ڕەنگە تاوانباربن. بەڵام هیوادارین هەوڵی جیدی بدری بۆ سەروەری یاساو بنەبڕ کردنی ئەم جۆرە تاوانانە بە سزادانی ئەنجامدەرانی بێ جیاوازی، ئەگەر لەهەر پلەو پۆست و ئاستێکی بەرزی حیزبی و حکومیشدابن.
2. هێڵی سوور
ئەنجامدانی ئەم جۆره تاوانانە یەکسانبێت بە تێپەڕاندنی هێڵی سوور چونکە خەباتی پڕ سەروەری گەلەکەمان لەکەدار دەکات.
گەلی کورد ئەمڕۆ لەهەمووکاتێ زیاتر پێویستی بە پەروەردەکردن و پێشکەوتنی گەنجانی بەتواناو ڕۆژنامەوان هەیه بۆ بەرەو پێشچوونی خەباتی خۆی.
3. گەرەنتی دیمۆکراتی
کاری ڕۆژنامەوانی هەنگاوە بەرەو دیموکراتی و مافی مرۆڤ، دیموکراتیش تەنها گەرەنتی بەدەستهێنان و بەرەو پێشچوونی مافە نەتەوایەتیەکانمانە لەسەر ئاستی ناوخۆو جیهان.
پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بەرەو دیموکراتی، جێگای دەستخۆشیین، بەڵام هەنگاوی زۆر و کاری زۆر لەپێش گەلەکەمانە.
4. قەرەبووکردنەوە
ئێمە بەئەرکی یاسایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەزانین کە قەرەبووی ئەم جۆرە زیانانە بکاتەوە.
بۆیە پێویستە تێکڕای ئەو شەهیدانەی لەماوەی ڕابووردوودا لە پێناوی ئازادی ڕۆژنامەوانیدا گیانیان سپارد قەرەبوو بکرێنەوە.
هەروەها بەزووترین کات کەس وکاری ئەم شەهیدە(کاوە گەرمیانی) لەڕێ ی پسپۆری دەروونی و کۆمەڵایەتیەوە بەسەر بکرێنەوە، مووچەی پیویست بۆ هاوسەری شەهید و ئەو منداڵەی کە بە بێ باوکی هاتۆتە دنیاوە ببڕدرێتەوە.
لەکۆتایدا چاوەڕێی هیممەت و وەڵامتانین.
هیوای سەرکەوتن بۆ پێکهێنانی کابینەی نیشتیمانی نوێ و بەرەوپێشچونی دیموکراتی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.
وێنەیەک بۆ: ڕای گشتی
ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی
30-12-2013