خەندان-ڕەهێڵ سەمەد
بەگوێرەی ڕاپرسییەک کە ئەمڕۆ لە شاری #هەولێر# لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا خرایەڕوو، کەمتر لەسەدا دووی هاووڵاتییانی هەرێم ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن.
زیاد حەمد سکرتێری ڕێکخراوی هۆشیاری لاوان ڕاگەیاند: لە ڕێگای ڕاپرسییەک و لە ئەنجامی دابەشکردنی (4) هەزار فۆرم کە (3128) فۆڕم گەڕاوتەوە، کە (21) پرسیار ئاڕاستەی هاووڵاتییان کراوە لە هەردوو ڕەگەز، خۆشبەختانە دەرکەوتووە ڕێژەیەکی کەم بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر هەیە لە هەرێمی کوردستاندا.
زیاد حەمد وتی: لەو ڕێژەی فۆڕمانەی کە بەدەستمان گەشتووەتەوە، تەنیا (60) کەس ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن.
ئاماژەشی بەوەدا کە ئەویش کەمترە لە سەدا دووی دانیشتووانی هەرێم لە هەردوو ڕەگەز، بەڵام ڕاپرسییەکە دەریدەخات کە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم بوونی هەیە.
هەرلە و کۆنفرانسە ئەوە ڕاگەیەنرا کە بەپێی ئامارێک لە شاری #کەرکووک# کە لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنیش بڵاوکراوەتەوە (460) کچ بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن و بەشێکیشیان بەوهۆیەوە پەردەی کچێنیان لەدەستداوە، تەمەنیشیان لە 18 بۆ (24) ساڵییە، بۆیە کەرکووک پێویستە گرنگی پێبدرێ.
هەروەک لە سنووری شارۆچکەی #سۆران# (310) کەسی تر لە ڕەگەزی مێینە ئالودەی ماددە هۆشبەرەکانن، بەپێێ سەردانێکی مەیدانیش بۆ خوێندنگەکان، لە شاری #سلێمانی# (25) خوێندکاری کچ ئالودەی بەکارهێنانی حەپن.
هەروەک یاسا ناسان ئاماژەی بۆ دەکەن سزای ئەو کەسانەی مادەی هۆشبەر بەکار دەهێنن سزایەکی قوورسە تا دەگاتە لەسێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی.
خستنەڕووی ئەو ئامارە لەکاتێکدایە کە لە کۆتایی مانگی 10ی ئەمساڵ لەلایەن ئاساییشی گشتی هەرێم لەناوبردنی یەک تەن ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر ڕاگەیەنرا، کە لە ماوەی 2-3 ساڵی ڕابردوو لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و #دهۆک# دەستیان بەسەردا گیرابوو.
30-12-2013