بە خۆشحاڵییەوە ڕۆژی سێشەممە 31 ی کانوونی یەکەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدی پەسند کرد و خواستێکی ڕەوای خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە هاتەدی کە ماوەیەکی زۆر بوو کارمان بۆی دەکرد.
بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆڕاگری هەڵەبجەی شەهید دەکەم، خۆشحاڵم کە لە کۆتاییدا ئه و بەڵێنەی بە ئێوەم دابوو هاتەدی. لەماوەی ڕابردوودا هەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئه و کارە ڕێوشوێنە یاساییەکانی تەواو بکات، هەربۆیە ڕۆژی سێشەممە 24-12-2013 لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوام کرد لە وردەکاریی ئه و ڕێوشوێن و هەنگاوانە ئاگادارم بکەنەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراقی فێدراڵ بەمەبەستی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی شەهید گرتوویانەتەبەر، ئەوەبوو ڕۆژی 25-12-2013، پڕۆژە یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی شەهید لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی عیراقی فیدراڵ کرا.
ئەگەرچی وەدیهاتنی ئەم دەستکەوتە گرینگە بۆ شاری هەڵەبجەی شەهید ماوەیەکی زۆری پێ چوو، بەڵام دەبوایە ڕێکارە یاساییەکانی تەواو بکات و پڕۆژە یاساکە لە بەغدا پەسەند بکرێت.
هەڵەبجەی شەهید سەمبولی قوربانیدانی گەلی کوردە و گرێی بەختی کوردی کردەوە و شایستەی ئەوەیە زۆرترین خزمەتی پێشکەش بکرێت. هیوادارم دوای ئەم بڕیارە گرینگە، شاری هەڵەبجە ببێتە شاری خۆشی و سەمبولی ئاشتی بۆ هەموو جیهان.
خەڵکی ئه و شارە ئازیزە ناخۆشیی زۆریان بینیوە و پێویستە برینەکانیان ساڕێژ بکرێت، بۆیە هیوادارم ئه و ئیدارە نوێیەی لەوێ دادەمەزرێت بە دڵی خەڵکی ناوچەکە بێت و خزمەتێکی شایستەیان پێشکەش بکات.
پیرۆز بێت لە هەڵەبجە، پیرۆز بێت لە کوردستان.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
1-1-2014