ڕۆژی (2\1\ 2014) کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی بەمەبەستی کەمی خزمەتگوزاری و کەمتەرخەمی و بەدەنگەوە نەهاتنی بەرپرسانی شارۆچکەکە، لەلایەن چەند ڕۆژنامەنوسێک و چالاکوانێکی کۆمەڵی مەدەنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە قەزای سەیدسادقی سەربەپارێزگای سلێمانی ئەنجامدرا، دواتر ئاراستەی خۆپیشاندانەکە بەتوندوتیژی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکانی ئەوشارۆچکەیە شکایەوەو لە ئەنجامدا گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ بەناوی (بڕیار حەسەن) بەگوللەی هێزە ئەمنیەکان گیانی لەدەستداو نزیکەی 60 هاولاتی دیکەش برینداربون.
بەپێی زانیاریەکانی سەنتەری کورد-ئەمریکا بۆئازادی ڕادەربڕین لەسەروبەندی گرژیەکانی نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی چالاکە مەدەنیەکانی ئەو شارۆچکەیە، لەشاری سلێمانیەوە هێزێکی زۆری ئاسایش و پۆلیسی ئامادە ڕەوانەی شارۆچکەی سەید سادق دەکرێن و بەشێوەی هەرەمەکی تەقەلەهاولاتیان دەکرێت و بەزەبری هێز سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ئەوشارۆچکەیە دەکەن.
هەربەپێی ئەو زانیاری و دێکیۆمێنتانەی لەبەردەست سەنتەری کورد-ئەمریکادان بەڕونی ئەورووداوە دەردەکەوێت ئەو چەکدارانەی تەقە لەخۆپیشاندەران دەکەن، کەدواجار هاولاتیەک (بەفیشەک) دەکوژرێت و نزیکەی 60 هاولاتی دیکەش بریندار دەبن لەلایەن هێزێکی ئەمنی ترسناکەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کراوە، (ئەمەلەکاتێکدا لەدروستبونی هەرگرژیەک لەنێوان خۆپیشاندەرو دامودەزگاکانی دەولەتدا دەبێت پۆلیسی چالاکە مەدەنیەکان ئامادەبێت نەک هێزگەلێکی دیکە)، هەربۆیە ئەم کارەی هێزە ئەمنیەکانی کوردستانی باشوور (ئیدارەی سلێمانی) بەهەموو پرەنسیپەکان پێچەوانەی یاسانێودەوڵەتیەکانی تایبەت بەمافەکانی خۆپیشاندانەو ئەو ڕووداوە بەتاوان لەقەڵەم دەدرێت و دەچێتە خانەی سەرکوتکردنی داواکاری و خۆپیشاندانە مەدەنیەکانەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئەو زانیاری و بەدواداچونانەی لەماڵپەڕە کوردیەکانەوە بڵاوکراوەتەوە دوابەدوای سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران بەزەبری هێز، هێزێکی ئەمنی بەئۆتۆمبێل و جلوبەرگی مەدەنیوە کەوتونەتە دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوان و بەشێک لەبەشدارانی خۆپیشاندانەکەو نزیکەی 20 کەسیان دەستگیرکردوەو ڕەوانەی دەزگاکانی ئاسایشی سلێمانی کراون.
پاڵپشت بەو ڕەوشە سیاسیەی کەدەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەماوەی 22 ساڵی ڕابردوودا پەیڕەویان کردوەو وەک پێویست بەتەنگ داواکاری و خزمەتگوزاری هاونیشتیمانیانی هەرێمەوە نەچون، هەرئەمەشە وایکردوە بەدرێژای ئەوهەموو ساڵە چەندین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لەتەواوی شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دراوە دژی نەبونی عەدالەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دادپەروەری و ئەو گەندەڵیەی دامودوزگا حکومی و تەنانەت حیزبیەکانیشی گرتۆتەوە، دیارترین خۆپیشاندانیش ڕۆژانی (17ی شوباتی 2011)و ڕۆژانی دوایبوو، کەدواجار بە کوژرانی 10 هاولاتی و برینداربونی سەدان هاولاتی سڤیل و سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەزەبری هێزە ئەمنی و دەمامکدارەکان کۆتای هات، بەپێی بۆچونی زۆرێک لەچاودێرانی سیاسی و نوسەرو ڕۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان هەتائەمرۆ ناڕەزای و داواکاریەکانی خەڵکی شەقام بەردەوامی هەیەو خۆپیشاندانەکەی (2\1\2014) شارۆچکەی سەیدسادقیش درێژکراوەی هەمان نارەزای و داواکاری جەماوەرو دواجار درێژکراوەی هەمان خۆپیشاندانەکانی سالانی ڕابردووە.
سەنتەری کورد-ئەمریکا بۆ ئازادی ڕادەربڕین جگەلەوەی ڕای گشتی هەرێمی کوردستان و هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و حکومەت و پەڕلەمانی کوردستان لەوە ئاگادار دەکاتەوە بەرپەرچدانەوەو سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی قەزای سەیدسادق بەزەبری هێزێکی نایاسای بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکانی یاسای خۆپیشاندان و هەروەها کوژران و بریندارکردنی خۆپیشاندەران و دواجار دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و خۆپیشاندەرانی شارۆچکەکە، بەهەموو مانایەک دژبە یاساو ئیتیک و مۆراڵی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و هاوکات ئەو دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینەیە کەزەمەنێکە سەرۆک و بەرپرسانی هەرێم باسی لێوەدەکەن و شانازی پێوەدەکەن، هاوکان سەنتەری کورد-ئەمریکا تەواوی ناوەندو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەو سەرکوتکردن و کوژران و بریندارکردن و ڕەشبگیریەی هاولاتیان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار دەکاتەوە.
سەنتەری کورد - ئەمریکا بۆ ئازادی ڕادەربڕین (K.A.C.F.E)، سەنتەرێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە، لەلایەن نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی کورد لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا دامەزراوە، ئامانج لەکارەکانی ئەم سەنتەرە بەرگریکردنە لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری ڕۆژنامەنوسی و گەیاندنی هەر پێشێلکاریەک دژ بە تاکی کورد لەو ڕوەوە بە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان، ئەم سەنتەرە لەلایەن چەند ناوەندو ڕێکخراوێکی ئەمریکی و نێودەوڵەتی پشتیوانی دەکرێت.
سەنتەری کورد-ئەمریکا بۆ ئازادی ڕادەربڕین (K.A.C.F.E)
ڤێرجینیا – ئەمریکا
03\01\2014
وێنەیەک بۆ:
- کۆشکی سپی (White House)
- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (U.S. Department of State)
- کۆنگرێسی ئەمریکا (U.S. House of Representatives)
- پەیمانگای ئەمریکا بۆ ئاشتی (USIP)
- ئۆفیسی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆڕک (UN)
- کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربەنەتەوەیەکگرتوەکان لە جنێف (HRUN)
- تیمی نێردراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ عێراق لە بەغداد (UNAMI)
- خاچی سوری نێودەوڵەتی لە جنێف (ICRC)
- پەڕلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل (European Parliament)
- ڕێکخراوی هیومان ڕایتس ۆچ لە نیویۆرک (HRW)
- ڕێکخراوی ئەمنیستی ئەنتەرناشناڵ لە لەندەن (AMNESTY)