پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (04-01-2014)، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی لە سلێمانی، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
هاوکات لەگەڵ تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، بریتی بوون لەپرسی پێکهێنانی کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێم و میکانیزمەکانی بەشداریکردنی یەکێتیی، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکان و پرسی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک. هەروا بەمەبەستی هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەکە، بەوردی لەئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژەی قەزای سەید سادق-ی کۆڵییەوە و پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و جێبەجێکردنی داخوازییە ڕەواکانی دانیشتوانی شارۆچکەکە ڕاگەیاند و جەختی لەسەر پاراستنی ئارامی و مەدەنیەتی ناڕەزایی دەربڕینەکان کردەوە، هاوکات پرسه و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی (بڕیار)ی جوانەمەرگ کرد.
کۆبوونەوە، بەدواداچوونی ورد و هەمە لایەنەی کرد بۆ پرسی پێکهێنانی کابینەی هەشت-ی حکومەتی هەرێم و گفتوگۆی ورد لەبارەی ئه و کەیسەوە کراو، ڕاسپاردەی پێویستیش درایە لیژنەی دانوستان.
لەتەوەری دووەمیشدا، پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و، ئامادەکارییەکانی لیست و دیاریکردنی ناوی کاندیدەکانی یەکێتیی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تاووتوێ کرد و له و ڕووشەوە، ڕایسپارد کە لەهەر پارێزگایەکدا و لەسەر ئاستی باڵا، کۆبوونەوەی پێویست ئەنجامبدرێت و تا دوو ڕۆژی داهاتوو، پرۆسەی ئامادەکردن و یەکلاکردنەوەی ناوی کاندید و لیستەکان کۆتایی پێ بهێنرێت.
لەدوا تەوەریشدا، کە تایبەت بوو، بەگفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئیدارەی شاری کەرکووک و ئه و کێشمەکێشمە سیاسییە نەخوازراوەی هاتۆتە ئاراوە، مەکتەبی سیاسی، بەمەبەستی پشتیوانی لەکەرکووک و کەرکووکییەکان، گفتوگۆیەکی تێرو تەسەل له و ڕووەوە کراو مەکتەبی سیاسی، تەئکیدی لەسەر پشتیوانیکردن ئیدارەی کەرکووک کردەوە و کۆتاییهێنان به و مشتومڕە سیاسی میدیاییەی بە بەپێویست زانی و هەڤاڵانی بەرپرسی یەکێتی لە کەرکووک ڕاسپارد کە بەهێمنی و بەنەرمی مامەڵە لەگەڵ ئه و تەحەدا سیاسی و ئەمنییانە بکەن کە ڕووبەروویان دەبێتەوە، قورسای خۆیان بخەنە سەر پڕکرنەوەی ئه و کەلێنانەی کە لە ئەنجامی هەڵوەشاندنەوەی لیستی هاوبەش کەوتۆتە نێوان لایەنە سیاسیەکانی ئەوێ و مەکتەبی سیاسی چاوەڕوانیشی لەلایەنە کوردستانییەکانی تری کەرکووکیش ئەوە بوو کەبەهەمان هەناسەی یەکێتی و بەپەرۆشییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن.