خەندان - ڕاماڵ قەسرەیی
بەمەبەستی کەمکردنەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدان و زیانەکانی مین و تەقەمەنی، تەواوی ئه و کێڵگانەی مین نیشانە دەکرێن کە دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر.
زێبار خالید بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین-ی هەولێر بەخەندانی ڕاگەیاند: لەچوار چێوەی کار و چالاکیەکان لەسنوری پارێزگای هەولێر لەرێگای کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە تەواوی ئه و کێڵگانەی مین نیشانە دەکرێن کە کەوکەوتوونەتە سنووری ئه و پارێزگایە.
زێبار خالید وتیشی پرۆژەکە لەژێر ناوی پرۆژەی (نیشانەکردنی تەواوی کێڵگە مینیەکانی سنوری پارێزگای هەولێر)ە و بەبری 934 ملیۆن و 264 هەزار دیناری عێراقی لەسەر بودجەی وەبەرهێنان و لەلایان کۆمپانیایەکی خۆماڵی بەناوی (کۆمپانیای دەڤەرا پاک) ئەنجام دەدرێت و ماوەی پرۆژەکەش 550رۆژە.
زێبار وتیشی: ژمارەی ئه و کێڵگە مینیانەی کە کاریان تێدادەکرێت بریتین لە337 کێڵگە، کە تائێستا مەترسیدارن و پاک نەکراونەتەوە، ئەم پڕۆژەیە ئه و کێڵگانەش دەگرێتەوە کە نیشانە نەکراون یان لەرابردو نیشانە کراون و ئێستا نیشانەکانیان کۆن بوونە و وەک پێویست دیار نین.
بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی مینی هەولێر وتیشی: هاوڵاتیان گلەیی ئەوەیان دەکرد کەبەشێکی زۆر لەشوێنە مین ڕێژکراوەکان نیشانەیان نییە یان نیشانەکانیان نەماون و کۆن بوون، بۆیە بەئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە گلەیی و گازندەی هاوڵاتیان نامێنێت و پرۆژەکەش کاریگەریی باشی دەبێت لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی قوربانی و زیانەکانی مین و تەقەمەنی.
ناوبراو هێماشی بۆ ئەوەکرد کە زۆرترین کاریان لە سنووری قەزای چۆمان و سیدەکان دەبێت، بەهۆی ئەوەی ئه و ناوچانە سەنگەری ڕوبەروبونەوەی سوپای عێراق- ئێران بوون، وتیشی: بەهۆی سەختی و بوونی بەفر له و شوێنانە، تائێستا نەتوانراوە دەست بەکارەکان بکرێت، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار ئاگادار کراوەتەوە کە دەبێت لەکاتی خۆی کارەکانیان تەواو بکەن.
- 06-01-2014