خەندان- محەمەد کەرکووکی
بە پێی ئامارێکی باوەر پێکراو لە ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای کەرکووک و دەوروبەر ی(25) کەس خۆیان بە شێوەی جۆراوجۆر کوشتووە. سەرچاوەیەکی ئاگاداریش ڕایدەگەیەنێت کە چەند کەسێکیش هەوڵی خۆ کوشتنیان داوە بەڵام ڕزگاریان بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە خەندانی ڕاگەیاند "بە پێی ئامارێکی باوەر پێکراو لە ساڵی ڕابردوو واتە (2013) لە شاری کەرکووک و دەوروبەری (25) کەس خۆیان کوشتووەو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە."
سەرچاوەکە وتیشی، بە پێی ئەو ئامارە لە کۆی ئەو (25) کەسە (16)یان لە ڕەگەزی نێرن هەروەک وتیشی لە نیویاندا ئەفسەرو پۆلیس و خوێندکارو پێشمەرگەش هەیە. وتیشی (9) کەسەکەی دیکە لە ڕەگەزی بەرامبەرە واتە مێیە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وت " ئەو(25) کەسە بە شێوەی جۆراو جۆر کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە چ لە ڕێگەی چەکەوە بێت یاخود خنکاندن بێت یان سوتاندن.".
بە پێی ئامارەکە (5) کەسی دیکە ش لە هەردوو ڕەگەز هەوڵی خۆ کوشتنیان داوە، بەڵام ڕزگاریان بووەو لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کراوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکرد پێدەچێت ڕێژەکە لەوە زیاتر بێت بەڵام لەوانەیە تۆمار نەکرابێت یاخود بە جۆرێکی دیکە پەردە پۆش کرابێت...
- 10-01-2014