ئا: ئاسۆ سەراوی
لەئێستادا کار لە67 شوێنی گەشتیاریی دەکرێت
سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان، مەولەوی جەبار لەدیدارێکی ئاوێنەدا ئەوە دەخاتەڕو کە گرنگترین هەنگاو لەبواری گەشتوگوزاردا لەساڵی 2013 نا پێتیان تەواوکردنی ماستەرپلانی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان بوو، کە بەپێی ئه و ماستەرپلانە
420 شوێنی گەشتیاریی لەهەرێمدا هەیە و له و ژمارەیەش وەک ئه و بەرپرسە باسی دەکات 67شوێنیان کاری نەخشەسازییان بۆ کراوە، لەئێستادا کاریان تێدا دەکرێت. ماستەرپلانەکەش تا ساڵی 2025. ناوبراو ئەوەش دەخاتەرو کە لەئێستادا بایی نزیکەی 100ملیار دینار پرۆژەی گەشتیاری و شوێنەوارییان هەیە.
پێدانی قەرزی گەشتیاریی
پێدانی قەرزی گەشتیاریی بەوەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت، بۆ دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاریی گەورە لەناوچە دوورە دەستەکاندا، بەوتەی مەولەوی جەبار یەکێکی تر بووە له و کارانەی لەساڵی 2013دا ئەنجامیانداوە، تاکو ئێستاش کاری پێدانی قەرزی گەشتیاریی 95پرۆژە تەواو بووە، وەک ئه و دەڵێت "ئەوەندەی ئاگاداربم زۆرێک له و پرۆژانە قەرزەکەیان پێدراوە، هەندێکیان مامەڵەکانیان تەواو نەبووە بۆیە وەریاننەگرتووە، هەوڵمانداوە ئه و پرۆژانە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکان بگرێتەوە و خۆشمان جۆری پرۆژەکەمان هەڵبژاردوە".
ئه و پرۆژە گەشتیارییانەی لە2013دا کراوە
لەبارەی گرنگترین ئه و پرۆژە گەشتیارییانەش کە لەساڵی ڕابردوودا کراون، ئه و هێمای بەوەدا کە کردنەوه و دانانی بەردی بناغەی چەند ئوتێلی پێنج ئەستێرەیی لەشاری سلێمانیدا و هاوکات کردنەوەی پرۆژەی چاڤی گەشتیاریی لەهەمان شاردا لەلایە کەرتی تایبەتەوە یەکێک بوون له و پرۆژە گەشتیارییە گرنگانەی کە له و ساڵەدا کراونەتەوە، بەدەر لەوە لەشاری هەولێریش چەندین پرۆژەی گەشتیاریی کراونەتەوە هاوکات "هەر لەسنوری پارێزگای هەولێر پرۆژەی تەلەفریکیش لەسەر چیای کۆڕەک لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کراوەتەوە، کە پرۆژەیەکی گەشتیاریی گرنگ بوو له و ساڵەدا" ئه و وتی کە لەشاری دهۆکیش چەندین پرۆژەی تری گەشتیارییان هەبووە، هەروەها لەگەرمیانیش بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی گەشتیارییان داناوە "لەگەرمیان چەندین شوێنی مێژووی گرنگە هەیە کە دەکرێت لەرووی گەشتیارییەوە سودی زۆریان لێوەربگرێت". ئەوە بەرپرسی گەشت و گوزاریی هەرێم، ڕەتیکردەوە کە ئەوان جیاوازییان لەنێوان شارەکاندا کردبێت لەرووی گرنگی پێدان و دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاریی، بەڵام وتیشی "کە وەبەرهێنێک شارێکی دیاریکراو هەڵدەبژێرێ بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەکی گەشتیاریی، ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە، ناتوانین ناچاری بکەین کە لەشارێکی دیاریکراو پرۆژەیەکی گەشتیاریی بکات". سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار باسی لەوەشکرد کە ئەوان بۆ پێشخستنی لایەنی ئابوری کوردستان بەپلەی یەکەم گرنگیی بەکەرتی گەشتیاریی دەدن، چونکە "ئێستا پێناسەی گەشتیاریی هێندەی لەلایەنی ئابوریدا خۆی دەبینێتەوە هێندە لایەنی تەرفیهی نییە".
ئامارەکان دڵخۆشکەرن
بەپێی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لەساڵی 2012دا نزیکەی 2ملیۆن و 200 هەزار گەشتیار ڕوویان لەهەرێمی کوردستان کردوە، لەبارەی ئاماری ساڵی 2013 ئه و بەرپرسە ئاماژەی بەوەدا کە تائێستا ئاماری ئه و ساڵەیان ئاشکرا نەکردوە، بەڵام وتیشی "ئامارەکان لەبەردەست و دڵخۆشکەرن، هاتنی گەشتیار لەوەی ساڵی پێشوو زۆر زیاترە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە زۆر گرنگە ئەوەیە، ئه و گەشتیارەی کە دێت چەند لەهەرێمدا دەمێنێتەوە؟، چەند پارە خەرج دەکات؟ ئایا ئامادەیە جارێکی تر بگەڕێتەوە؟ ئەوانە لەئامارەکان گرنگترن لەلای ئێمە". ئه و ڕەتیشیکردەوە کە نائارامیەکانی ئەم دواییەی سلێمانی و تەقینەوەکەی شاری هەولێر کاریگەری لەسەر کەمبونەوەی گەشتیار هەبوبێت "ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە کاریگەری نەبووە".
بەرنامەیان بۆ ساڵی 2014
لەوەرزی زستاندا گەشتیار کەمتر ڕوو لەهەرێمی کوردستان دەکات، مەولەوی جەبار ئەوە بەحاڵەتێکی ئاسایی دەبینێت و دەڵێت "لەهاویندا گەشتیار وەکو زۆربەی وڵاتان لەهەرێمدا زیاترە، چونکە پشووی زۆربەی وڵاتان دەکەوێتەوە ئه و وەرزەوە، جگە لەوە ئێمە هەوڵەکانیشمان بەردەوامە بۆ زۆرکردنی گەشتیاری زستانە، ئەوەتا لەمانگی دووی ئەمساڵدا چالاکیە بەفرییەکان لەسەر چیاکانی کوردستان دەستپێدەکات"
لەبارەی بەرنامەشیان بۆ ساڵی 2014 سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، ئەوەی خستەڕوو کە کار بۆ بەبازاڕکردنی شارەکانی هەرێم دەکەن "ئێمە لەکوردستان بنەمای باشمان هەیە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار، بەڵام بەداخەوە لەناساندنی ڕووی گەشتیاربی هەرێم زۆر لاوازین، نەمانتوانیوە وەکو پێویست سەرنجی گەشتیارانی بیانی ڕابکێشین، ئەمساڵ لەوبارەیەوە هەوڵدەدەین سود لەناوی هەولێر وەربگرین کە بۆتە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عارەبی".
- 10-01-2014