خەندان ڕەهێل سەمەد
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو چوار ملیار دینار لە سنووری پارێزگای هەولێر دراوەتە کرێی وانەبێژی و 90 خوێندنگەش تەواو بووە کە بڕی 40 ملیار دیناریان بۆ تەرخانکراوە.
ئەمڕۆ شەممە (11ی کانوونی دووەمی 2014) بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکیەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەیانی لەساڵی ڕابردوو خستەروو.
له و کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا کە لەدیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر بەڕێوەچوو بەکر کەریم، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ڕایگەیاند: لە ساڵی 2013 لە سنوری پارێزگای هەولێر 90 خوێندنگەی نوێ لە سنوورەکەیان دروستکراوە کە 40 ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە، له و ژمارەیە دوو خوێندنگەیان لە لایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە.
بەکر کەریم وتیشی: "لە هەمان ساڵدا 539 خوێندنگە و 37 باخچەی ساوایان نۆژەنکراوەتەوە، هاوکات چوار کۆگای مۆدێرن دروستکراوە، لەگەڵ کردنەوەی دوو خوێندنگە بۆ پێشمەرگە، کە 600 پێشمەرگە تیایدا درێژە بە خوێندن دەدەن و 24 باخچەی ساوایانیش دروستکراوە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر لە بەشێکی تری کۆنگرەکەدا ئەوەیشی خستەروو: لە ساڵی 2012 دا نۆ ملیار دینار دراوەتە مامۆستایانی وانەبێژ، بەڵام لە ساڵی 2013 دا ئه و بڕە کەمیکردوە بۆ چوار ملیار دینار.
هەر لەساڵی 2013 دا پێنج هەزار و 445 مامۆستا مۆڵەتی جۆراوجۆریان وەرگرتوە، کە زۆرترینیان مۆڵەتی دایکایەتی بووە، زیاتر لە دوو ملیار دیناریش تەرخانکراوە بۆ پێداویستی قوتابخانەکان.
هاوکات لە سەرەتای وەرزی زستانیشدا چوار ملیۆن لیتر سوتەمەنی و بەر لە دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن شەش ملیۆن پەرتوک دابەشکراوە، نۆ هەزار و 920 مامۆستا خولیان بۆ کراوەتەوە.
خستنەڕووی ئه و ئامارانە لە کاتێکدا تا ئێستا کێشەی باڵەخانەی خوێندنگا و سێ دەوام لە هەندێکیان ماوە، هاوکاتژمارەیەکی زۆر لە دەرچووی کولێژەکان هەن، کەچی بەهۆی دانەمەزراندین کێشەی کەمی میلاک لە خوێندگاکان دروست بووە، ئەمەش پەروەردە ناچار دەکات پەنا بۆ مامۆستای بەوانەبێژی ببات.
- 11-01-2014